پەرلەمانتارێكی کورد:پڕۆسەی لێپێچینەوە لەنوری مالکی مانگێک دەخایەنێت
پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایدەگەیەنێت دوو ڕێگە ھەیە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەمالکی یەکەمیان لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە دەبێت و ئەوەی دیکەش لەڕێگەی لێپرسینەوە دەبێت لەناو پەرلەماندا،لەئێستاشدا کار لەسەر ڕێگای دووەم دەکرێت .
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئازاد ئەبوبەکر زەینەڵ ڕاگەیاند:"بەپێی دەستوری عێراق دوو ڕێگە ھەیە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیرانی عێراق یەکەمیان بریتیە لەوەی سەرۆک کۆمار داوایەک پێشکەشی پەرلەمان دەکات و ڕاستەوخۆ متمانەی لێ وەردەگیرێتەوە ئەوی دیکەشیان لێپێچێنەوە دوای ئەوەش ئینجا وەرگرتنەوەی متمانە دەست پێدەکات".
گووتیشی:"ئەوەی ئێستا کاری لەسەر دەکرێت ڕێگای دووەمەو دەبێت سەرۆک وەزیران بانگێشتی پەرلەمان بکەیت بەمەبەستی لێپیچینەوە دوای ئەوەش کە ئەوە تەواو دەبێت ئەوکات داواکاری لێسەندنەوەی متمانە پێشکەش دەکرێت ئەگەریش دەنگی پێویستی ھێنا ئەوا متمانەی لێوەردەگیرێتەوە یان ئەوەتا بەردەوام دەبێت".
زەینەڵ ئاماژەشیدا:"لەھەردوو حاڵەتەکەدا پێویستی بە سەدو شەست و سێ دەنگی پەرلەمانتاران ھەیە بۆ لێسەندنەوەی متمانە پێشم وایە تاکو ئێستا ئەو دەنگانە ھەیەو بەڵام ئەگەر لێپیچینەوە بکرێت بێشک ئەو پڕۆسەیە درێژ دەخایەنێت کە ڕەنگە مانگێکی پێبچێت و چەندین کۆبونەوەشی دەوێت ئەوکاتیش ڕەنگە بڕوا لای زۆرتریش دروست ببێت بە وەرگرتنەوەی متمانە یاخود وەرنەگرتنەوە".




