سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران پرۆژە یاسای بەرەسمی ناساندن و جێبەجێكردنی زمانی كوردی وەك زمانێكی فەرمی گفتوگۆ دەكات

بەغدا – KDP.info/ موئەیەد تەیب گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای زمانی فەرمی لە عێراق بە كوردستان تیڤی راگەیاند بریارە سبەی دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بە فەرمی ناساندنی زمانی كوردی لە پال زمانی عەرەبی دەدرێت. هاوكات موئەید تەیب گەشبیینی خۆشی بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربری و پێشبینی ئەوەش كرد كە سبەی دەنگدان لە سەر ئەو پرۆژە یاسایە بكرێت. هەروەها تەیب ئاماژەی بەوەشدا بە پەسەند كردنی ئەو پرۆژە یاسایە زنانی كوردی و زمانی عەرەبی لە یەك پلە و پایەدا دەبن وبە دەرچوونی ئەو بریارەش عێراق دەبێتە یەكێك لە باشترین ئەو دەولەتانەی كە رەفتار لەگەل دیاردەی فرە زمانیدا دەكات. هەروەها گوتەبێژی فراكسیۆنی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی گرنگی پەسەند كردنی پرۆژە یاسای زمانی فەرمی لە عێراق روونیشیكردەوە كە دەركردنی ئەو پرۆژە یاسایە وادەكات كە پارەی عێراقی و پاسەپۆرت و دیكۆمێنتە فەرمیەكان بە هەر دوو زمانی كوردی و عەرەبی دەربكرێن و بەمەش دەرفەتی كار بۆ هەزاران گەنجی كورد والا دەكات كە هەر دوو زمانەكە بە باشی دەزانن.




