كێری: فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیان بە دانانی بنەمای وتوێژی راستەوخۆی ئاشتی كردووە

ئوردن – KDP.info/ جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە میانی سەردانەكەی بۆ ئوردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەك هەنگاوی یەكەم بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی، فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیان بە دانانی بنەماكانی دەستپێكردنەوەی وتوێژی راستەوخۆی ئاشتی نێوانیان كردووە ئەمەش دوای ئەوەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە ئەو وتوێژە وەستاوە. كێری گوتیشی: راستە دەستپێكردنەوەی سازكردنی وتوێژی راستەوخۆی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل زۆر قورسە بەڵام لە كۆتاییدا بۆ گەیشتن بە دەستپێكردنەوەی وتوێژی راستەوخۆی ئاشتی تەنها هەندێ ئەوەی پێویست دەبێت كە زیاتر هەوڵە دیبلۆماتییەكان بخرێنە گەڕ. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی بە روونكردنەوەی زیاتر لە بارەی ناوەڕۆكی بنەماكانی دەستپێكردنەوەی وتوێژی راستەوخۆی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل نەداو رایگەیاند: وا پێویست دەكات لە ئێستادا ناوەڕۆكی رێككەوتنە بە نهێنی بمێنێتەوە. لەلایەكی دیكەوە گەورە بەرپرسێكی حكوومەتی ئیسرائیل رایگەیاند: وتوێژی ئاشتی لەگەڵ فەلەستین گەر دەسپێبكاتەوە ئەوە بەلایەنی كەم چەند مانگێك دەخایەنێت و ئەو گەورە بەرپرسەی ئیسرائیل گوتیشی: بۆ ئەوەی پرۆسەكە راست و دروست بێت و ئەگەری سەرگەوتنی لێ بكەوێتەوە ئەوە پێویستە بەو چەند مانگە هەموو تەگەرە و بنبەستەكانی بەردەم سازكردنی وتوێژی راستەوخۆی ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل بە یەكجاری چارەسەر بكرێن.




