وەزیری دەرەوەی میسر: پشتیوانی لە گۆڕانكاری لە سوریا و پشتیوانی لە خواستی گەلی سووریا دەكەین

میسر – KDP.info/ نەبیل فەهمی وەزیری دەرەوەی میسر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە قاهیرە رایگەیاند كە ئەوان نیازیان نییە جیهاد لەسووریا رابگەیەنن و روونی كردەوە كە میسر پشتیوانی لە گۆڕانكاری لە سووریا و پشتیوانی لە خواستی گەلی سووریا دەكات لە پێناوی ئازادیدا. ئاماژەی بەوەیش كرد كە ئێستە حكوومەتی میسر بەرپرسیاریەتێكی مێژوویی لە ئەستۆیەو دەكۆشێت پلەو پایەی میسر لە جیهاندا بۆ ئاستی جاران بگێڕێتەوە. لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستی میسر رایگەیاند كە ئاماری رووداوەكانی رۆژی هەینی لەسەرانسەری میسر لە قاهیرەو جیزەو غەربییەو دقهەلییە سێ كوژراوو سی و چوار بریندار بوو. هاوكات لە گۆڕەپانی سیدی جابر لە ناوچەی سپۆرتینگ لە شاری ئیسكەندەریە شەڕو پێكدادان لە نێوان نەیاران و لایەنگرانی ئیخوان موسلمیندا رووی داو چەند فڕۆكەیەكی جەنگی بە ئاسمانی گۆڕەپانەكەدا خولانەوە. لە دەقهلیەیش لە رێپێوانێكی لایەنگرانی مورسیدا چوار ئافرەت كوژران و دوو سەد كەسی دیكە لە شەڕوپێكدادان لەگەلأ دانیشتوواندا برینداربوون. لەشاری عەریشیش چەند چەكدارێك تەقەیان لە ماڵێك كردو لە ئاكامدا سێ كەس كوژران. هاوكات دانیشتووانی شارەكە خۆپیشاندانێكان سازداو داوایان لە سوپاو پۆلیس كرد كردەی سەربازی دژ بە چەكدارەكان لەسینا ئەنجام بدەن.




