هەلۆك كوچ: نابێت توركیا لە بەرامبەر رووداوەكانی باكووری سووریا بێدەنگ بێت

ئەنقەرە- KDP.info/ جێگری سەرۆكی گشتی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) هەلۆك كوچ رۆژی شەممە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی رووداوەكانی سووریا و رۆژئاوای كوردستانی كرد و رایگەیاند كە كورد دەیەوێ لە سووری هەرێمێكی كوردی وەكو عێراق دابمەزرێنێت و ئەمەیش مەترسی زۆر گەورەی بۆ سەر توركیا هەیە.
لەم بارەیەوە كاناڵی ئین تیڤی توركی بڵاوی كردەوە كە جێگری سەرۆكی جەهەپە هەلۆك كوچ باسی دەنگوكانی راگەیاندنی ئوتونومی لە باكووری سووریا لە لایەن پەیەدە و پارتە كوردییەكانەوە كردووە و گوتوویەتی: پەیەدە و پارتەكانی دیكە بە پشتگیری و هاوكاری پەكەكە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ بۆ دامەزراندنی هەرێمێكی كوردی لە باكووری سووریا وەكو باكووری عێراق دەدەن و ئەم هەوڵدانانەیش بە مانای پارچە كردن و دابەش كردنی سووریایە.
كوچ جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئامادەكارییەكانی پەیەدە بەشێكە لە هەوڵدانەكانی كورد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بۆیە پێویستە دەولًەتی توركیا هۆشیار بێت و لە بەرامبەر رووداوەكانی باكووری سووریا بێدەنگ نەبێـت.




