پارێزگاری هەولێر پرۆژەكانی رێگەوبان و خزمەتگوزارییەكانی سنووری قەزای شەقڵاوە بەسەر دەكاتەوە

شەقڵاوە-KDP.info/ بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بەرێوەچوونی كارو پرۆژەكانی رێگەوبان و خزمەتگوزاریەكان لە سنووری پارێزگا، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بەیاوەریی تاهیر عەبدوڵلا جێگری پارێزگارو هەریەك لە بەرێوەبەرە گشتییەكانی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای هەولێر و كارەباو شارەوانییەكانی پارێزگای هەولێرو قایمقامی شەقلاوە و بەرێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، پرۆژەی ریگای كۆڕێ – قەندیل و پرۆژەكانی هەردوو شارەدێی باسرمە و هەریری لەسنووری قەزای شەقڵاوە بەسەركردەوە .
سەرەتا پرۆژەی جووتسایدی كۆڕێ – قەندیل بەدرێژی 49كیلۆمەتر و بەگوژمەی 220ملیۆن دۆلاری بەسەركردەوە كە لەلایەن كۆمپانیای ئۆكسەلی توركی جێبەجێ دەكرێت .
لەو بەسەركردنەوەیەدا وێرای بریاردان و راگەیاندنی چارەسەركردنی تەواوی كێشەی قەرەبووی ئەو زەویانەی كە دەكەونە سەر ئاراستەی رێگەكە و هەموو پشتەوانییەكی كارگێری بۆ دابینكردنی قیڕی شل بۆ پێداویستی ئەم پرۆژە گرنگە، جەخت لە تەواوبوونی پرۆژەكە كرایەوە تاكۆتایی ئەمسال كە پتر لە 35كیلۆمەتری بكەوێتە كار لە شارەدێی كۆڕێ بۆ قەندیل لەگەل هەردوو تونێلی سۆركی شەقڵاوە بەدرێژی 935مەتر جووتساید و تونێلی میراوە 380مەتر جووتساید و سێ بەرزە پرد وەكو ئینتەر كێنگ، كە ئەوانیش بۆ دەروازەی شەقلاوەو سێ ریانی مامەجەلكە و سێ ریانی قەندیل دەبن، كە ئەورێگەیە دەكەوێتە واری خزمەتەوە بەتەنها بەشێكی كەمی دەمینێت كە ئەویش كاریگەری بەسەر هاتوچۆی رێگە سەرەكییەدا نابێت .
پاشان هەردوو شارۆچكەی باسرمەو هەریر بەسەركرانەوە كە ئیستا پرۆژەی قیرتاوكردنی رێگەوبان و شەقامەكانیان لە جێبەجێكردنە بە پتر لە 50000مەتری دووجاو 75000مەتری دووجای تریش ئامادەیەو لەماوەیەكی نزیكدا دەست بەقیرتاوكردنیان دەكرێت، لەگەل دانانی ویستگەیەكی مۆبایلی كارەبا بۆ باسرمە بەگوژمەی پتر لە 3ملیار دینار لەسەر بودجەی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبا، كە بریارە بۆ زستانی ئەمسال هیچ كێشەیەكی كارەبا لەوسنوورەی هەریر و باسرمە نەهێلێت، پاشان لەنزیكەوە لەو رێوشوێنانە ئاگاداربوون كە گیراونەتە بەر لە ئامادەكردنی زەوی پێویست بۆ ئەو سوودمەندانەی وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون لە شارۆچكەی هەریر كە تا ئێستا تەنها كارتیان پێدرابوو لەماوەیەكی نزیكدا زەویەكانیان پێ دەدرێت بۆ دروستكردنی خانووی نیشتەجێبوون و رزگاربوونیان لە ژیانی كرێچی .




