٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئوغڵۆ: سوپای توركیا لە ئامادە باشی تەواو دایە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە—KDP.info/ هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی نێوان پەیەدە و گرووپە چەكدارەكانی سەربە سوپای ئازادی سووریا لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان توركیا و سووریا و كونترۆڵ كردنی چەندین شارۆچكە لە لایەن پەیەدەیەوە، حكوومەتی توركیایش نارەزایەتی خۆی لە بەرامبەر پەیەدە و هەوڵدانەكانی پەیەدە دەربڕی.

بە پێی هەواڵێكی سۆن خەبەری توركی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ رایگەیاندووە كە پەیەدە دەیەوێت  سووریا دابەش بكات و لە باكووری سووریا حكوومەت یا خۆ هەرێمێكی كوردی دابمەزرێنێت و ئەمەیش بە مانای دابەشكردنی سوریایە و توركیایش بە توندی وەڵامی هەر جۆرە هەوڵدانێكی لەمجۆرە دەداتەوە.

وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە كە توركیا بە هیچ شێوەیەك دەرفەت نادات كە خاكی سووریا پارچە بكرێت و ئەگەر چەند كەس و لایەنێكیش ویستێكی بەمجۆرەیان هەبێت ئەوا توركیا هەڵوێستی دەبێت و هەر لە ئێستەوە سوپای توركیا لە سەر سنورەكانی سووریا لە ئامادەباشی تەواو دایە و ئامادەی رووبەروو بوونەوەی هەر ئەگەرێكە.

جێگای ئاماژە پێكردنە چەند رۆژە میدیاكانی توركیا باسی ئەوە دەكەن كە گوایا پەیەدە بە هاوبەشی لەگەڵ 10 پارتی دیكەی كوردی سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ رایگەیاندنی سەربەخۆیی لە كوردستانی رۆژئاوا، بۆیە حكوومەتی توركیا بە تایبەتی سوپای ئەو وڵاتە دەستی بە جموجۆڵی سەربازی لە سەر سنورەكانی سووریا كردووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار