ئەردۆغان: من بۆ خۆم عەلەوییەكی عەیار چوارم

قاستامونۆ- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژی هەینی سەردانی شاری قاستامونۆی ئەو وڵاتەی كرد و بەشداری لە مەراسیمی كردنەوەی فڕۆكەخانەی ئەو شارەدا كرد.
رۆژنامەی میللیەتی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە میانەی گوتارێكی خۆیدا لەكاتی كردنەوەی فڕۆكەخانەی شاری قاستامونۆدا باسی پێشهاتە سیاسییەكانی توركیای كردووە و رایگەیاندووە كە لە توركیا چەند كەس و لایەنێك هەوڵ بۆ قۆڵتر كردنی كێشەی نێوان عەلەوی و سوننەكان دەدەن.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە داوە كە چەند كەس و لایەنێك لە نێو توركیا بە پشتگیری چەندین هێزی دەرەكی دەیانەوێت ئاستەنگ بخەنە بەردەم بەهێز بوون و گەورە بوونی توركیا بۆیە دەستیان بە هەوڵدان بۆ قۆڵتركردنی ناكۆكییەكانی نێوان عەلەوییەكان و سۆننەكان كردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەگەر عەلەویتی بە واتای حەزكردن لە حەزرەتی عەلی بێت ئەوا ئەردۆغان عەلەوییەكی چوار عەیارە و داوای لە سوننە و عەلەوییەكانی توركیا كردووە كە ئاگادار بن و بە هیچ شێوەیەك دەرفەت بە ناحەزانی توركیا نەدەن كە كێشەی بەمجۆرە بخەنە نێو پێكهاتەكانی توركیاوە.




