حەسیب قاپڵان: پێویستە حكوومەتی هاوكاری بەدەپە بكات

ئەنقەرە - KDP.info/ پەرلەمانتاری شاری شرناخی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپە ) حەسیب قاپڵان باسی چۆنیەتی سوودمەند بوونی پارتە سیاسییەكانی توركیا لە خەزینەی دەوڵەت كرد و رایگەیاند كە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەربازیدا ئەو پارتانە كە لە نێو پەرلەماندا گروپیان هەبوو، لە لایەن خەزینەی دەوڵەتەوە پشتگیری و هاوكاری مادییان پێ پێشكەش دەكرا.
ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردووەتەوە كە پەرلەمانتاری شاری شرناخ، حەسیب قاپڵان رەخنەی توندی ئاراستەی حكوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان كردووە و گوتوویەتی: بەدەپە پارتییەكی رەسمی و یاساییە و لە نێو پەرلەماندا خاوەن گروپ و كورسییە و بە پێی یاساكان دەبێت هاوكاری لە خەزینەی دەوڵەت وەربگرێت.
قاپڵان ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێستە تەنیا سێ پارتی جەهەپە، مەهەپە و ئاكەپە لە خەزینەی دەوڵەت هاوكاری وەردەگرن و ئەمەیش نیشانەی جۆرەیەك نایەكسانییە و بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە دەسەڵاتە سەربازییەكانی توركیا و ئەو حكوومەتانە كە بە كوودەتا هاتوونەتە سەركار، هاوكارییان پێشكەشی ئەو پارتانە كردووە كە لە نێو پەرلەماندا خاوەن گرووپ بوونە، بەڵام حكوومەتی ئاكەپە ئامادە نییە كە هاوكاری بەدەپە بكات كە لە نێو پەرلەماندا خاوەن گرووپ و كورسییە.




