گەورەترین کانگای مس لەشاری ماکۆی کوردستانی رۆژهەڵات دۆزرایەوە

ماکۆ – KDP.info / بەرپرسی ئیدارەی پێشەکانی کانگا و بازرگانیی شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند کە لە سەر ئاستی ئێران، گەورەترین کانگای مس لەم شارە دۆزراوەتەوە و مەزەندەی ئەوە دەکرێ ئەو کانگایە بڕی ٦٠٠ هەزار تۆن مسی تێدا بێت. وەک رۆژههلات تایمزبڵاویکردۆتەوە: لە ئێستاوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستیان کردوە بە راکێشانی رێگاوبان بۆ ئەو شوێنە و خەریکی نەخشەکێشانی چۆنیەتیی کارکردنن لەنێو ئەو کانگایە دا. ئەم کانگایە نزیکەی ٣٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە بەرینە و هەڵگری زیاتر لە ٦٠٠ هەزار تۆن مس لە جۆری١ /٥ لە سەد بەراورد کراوە و تا ئێستەش بڕی ٣٠٠ میلۆن تمەن لە دۆزینەوە و بەراوردکارییەکانی ئەو کانگایە دا خەرج کراوە. هەروەها بەپێی هەواڵەکان، ئەم کانگایە، لە کۆتاییەکانی ئەمسالدا بە شێوەیەکی فەرمی دەکەوێتە بواری کارکردنەوە، شاری ماکۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لە شارە دەوڵەمەندەکانی کوردستان دەژمێردرێت کە حاڵی حازر دا، زیاتر لە شەش کانگای چالاکی هەیە و نزیکەی ١٢٠ کەس لەو کانگایانە دا کار دەکەن، بەڵام زۆربەی نزیک بە تەواوی کارگێران و کرێکارانی ئەو کانگایانە، لە نەتەوەی ئازەری هەڵبژێردراون و کوردەکان، وەک دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچەیە، بە ئەنقەست پشتگوێ خراون و دیمۆگرافیی شارەکەش، بە قازانجی ئازەریەکان، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەشێوێندرێت و ئەو هەلی کارە رەخسێندراوانەش، کەمتر کوردەکان دەگرێتەوە.




