داوا دەکرێت مالیکی سنوورێک بۆ تۆمەتەكاتی حوسێن شەهرستانی دابنێت

بەغدا –KDP.info / پەرلەمانتارێكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان داوا دەکات کە پێویستە نوری مالیكی سنورێك بۆ تۆمەتەكاتی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزەو نەوت دابنێت كە لەبەرانبەر هەرێمی كوردستانی دووبارەیان دەكاتەوە. لەڕوونكردنەوەیەكدا ئەشواق جاف پەرلەمانتاری لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە: ئەو كاتەی پەیوندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن، چەند دەنگێك دەیانەوێت ئەو هەوڵانە لەبارببن و قەیران لەنێوان بەغداو هەولێردا هەبێت،ئەشواق جاف رایشیگەیاندووە : لێداونەكانی ئەم دواییەی حوسێن شەهرستانی هەوڵێكن بۆ دروستكردنی كۆسپ لەبەردەم وتوێژەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە كوردە داوای لەحوسێن شەهرستانی و ئەو سیاسەتمەدارانەش كردووە كە وەك ئەو بیردەكەنەوە دان بەخۆیاندا بگرنو خۆیان لەزمانی زبرو هەڕەشە ئامێز بەدووربگرن و چوونکە وەک ئەو رایگەیاندووە ئەم جۆرە سیاسەتانە خزمەت بە ئایندەی عێراق ناکات . شایەنی باسە چەندین جارە حسێن شەهرستانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە، حكومەتی هەرێمی کوردستانی بەپێشێلكردنی یاسا و دەستوور تۆمەتباركردووە .




