٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانی کوردستان بوودجەی پەسند کرد

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ژماره‌ 37ی ئاسایی خوولی گرێدانی دووه‌م ساڵی سێیه‌م له‌ خوولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردن سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان سازدا، دانیشتنه‌كه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن به‌ڕێوه‌چوو و دواجار بودجه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ند كرا.

دوای پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2012ی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و ڕایگەیاند كە ئۆپۆزسیۆن بە 75%ـی ماددەكانی بودجەی 2012 رازی بووە.
ئەرسەلان بایز، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان نزیكەی 70 سەعات كۆبوونەوەی لەسەر برگە و بەندەكانی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2012ی هەرێمی كوردستان ئەنجام داوە ولە كۆبوونەوەكانیشدا لە 75%ی برگە و بەندەكانی بودجە كۆدەنگیی سەرجەم فراكسیۆنەكانی لەسەر بووە و پێشتر لە كۆبوونەوەی نێوان فراكسیۆنەكان كۆدەنگی لەسەر وەرگیرابوو.

ئەرسەلان بایز، ڕوونی كردەوە: "ئۆپۆزسیۆن تێبینی لەسەر20% بۆ 25%ی ماددەكان هەبووە و لە هەموو دنیایش سیستەمی زۆرینە و كەمینە رەچاو كراوە و ئەو داواكاریانەی ئەوان هەیانبووە دەنگی پێویستی بە دەست نەهێناوە، بۆیە پەسەند نەكراوە."

هەروەها گوتی: "هەوڵمان داوە بودجە بە شێوەیەك داڕێژن كە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستنان لێی سودمەند ببن، بودجەیەكیش تەرخان كراوە بۆ ناوچە دابڕاوەكان، بەلام بە دڵنیاییەوە بەپێی خواست و ویستی ئەوان نەبووە."

سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی دا: "ئازادیی تەواو هەبووە بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی بۆ ئەوەی بیڕ و ڕای خۆیان بە ئازادنە دەرببڕن، هیچ كەسێك ڕێگری لێنەكراوە كە لەناو هۆڵی پەرلەمان قسە بكات، هەندێك جار قسەكان زبریش بوون، ئێمە پێمان خۆش بوو ئۆپۆزسیۆن ڕای خۆی بە ڕاشكاوانە بگوتبایە، ئەوان ماوەی 13 ڕۆژ لەگەڵ ئێمە لە گفتوگۆدا بوون."

دوای پەسند کردنی بودجەش هەر سێ لیستی ئۆپۆزسیۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە لە بەرامبەر تێپەڕاندنی بوودجەدا سکاڵا لەسەر حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق تۆمار دەکەن.بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا ڕوونی کردەوە: "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ پێشێلكارییه‌كمان كردبێت له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئۆپۆزسیۆن بووه‌، چونكه‌ ته‌نیا لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر له‌ 14 سه‌عات قسه‌یان كردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌شدار 75%ی گفتوگۆكانی مادده‌كانی بودجه‌یان كرد و به‌شداری ده‌نگدانه‌كانیان كردووه‌، به‌ڵام كه‌ بایكۆتی ده‌كه‌ن ئێمه‌ رێزیان لێده‌گرین و به‌كارێكی سروشتی ده‌زانین، له‌ هه‌موو په‌رله‌مانێكیش هه‌ندێك مادده‌ و بڕگه‌ هه‌یه‌ به‌ده‌نگدان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان به‌ڕێكکه‌وتن بێت".

بودجه‌ی په‌سندكراوی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان ده‌گاته‌ 15 ترلیۆن و 245 ملیارو 797ملیۆن دیناره‌ له‌و رێژه‌یه‌ 10 ترلیۆن و 757 ملیارو 797 ملیۆن دینار بۆ خه‌رجییه‌كانی به‌كاربه‌ر (تشغیلی) و 4 ترلیۆن و 500 ملیار دیناریش بۆ وه‌به‌رهێنان ته‌رخان كراوه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار