داواكاری گشتی: ژیتەم پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا هەبووە

ماردین- KDP.info/ داواكاری گشتی كۆماری توركیا لە شاری ماردین، رایگەیاند كە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی دۆزی ئەرگەنەكون و ژیتەمدا بۆمان روون بووەتەوە كە رێكخراوی تایبەتی ژیتەم بە شیوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتدا هەبووە.
رۆژنامەی رادیكاڵی توركی لە سەر زاری داواكاری گشتی كۆماری لە ماردین بڵاویكردووەتەوە كە سوتاندنی گوندەكان، كوشتنی كارساز و پیشەسازە كوردەكان و بكەری كریارنادیارەكان ژیتەم بووە و ژیتەمیش یەكێكە لەو رێكخراوە شاراوانە كە راستەوخۆ گرێدراوی دەوڵەت و بەرپرسانی سیاسی توركیا بووە.
داواكاری گشتی كۆماری ماردین لە راپۆرتێكدا كە پێشكەشی سەرۆكی داواكاری گشتی دیاربەكری كردووە ئەوەی خستووەتە روو كە لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەكانی دوزی ئەرگەنەكون و ژیتەمدا بۆمان روون بووەتەوە كە لە شارە كوردنشینەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵدا ژیتەم بە فەرمانی دەوڵەت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو كاتەی دەوڵەت هەڵسووكەوتی كردووە و بە ئاگاداری بەرپرسانی دەوڵەت دەستی بە سوتاندنی گوند و كوشتنی كارساز و پیشەسازە كوردەكان كردووە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی راپورتەكەی خۆیدا ئاماژەی بە ئیفادەكانی فەرماندەی هێزە ئەمنییەكانی ماردین لە ساڵەكانی 93، 94 و 95دا كردووە گوتوویەتی، فەرماندەی هێزە ئەمنییەكانی ماردین حەسەن ئاتیلا ئۆغۆ بۆ خۆی دانی بەوەدا ناوە كە وەكو ئەندامێكی ژیتەم راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی ئەو كاتەی توركیادا هەبووە و بە فەرمانی ئەوان هەڵسووكەوتی كردووە.




