٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە نیمچە دوورگەی سینا 6 پۆلیس كوژران و برینداربوون

سەرچاوە: KDP.info

میسر - kdp.info/ لە ئاكامی هێرشێكی چەكداری لە پارێزگای باكووری سینا لە میسر شەش پۆلیس كوژران و برینداربوون. لەم بارەیەوە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی میسر رایانگەیاند: لە عەریشی پارێزگای باكووری سینا ژمارەیەك چەكداری توندڕەوەی نەناسراو هێرشێكی چەكدارییان بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی پۆلیس ئەنجام دا و لە ئاكامدا سێ‌ پۆلیس كوژران و سێی دیكەش برینداربوون، لە دوو رۆژی رابردووش هەر بە هۆی هێرشێكی چەكداری بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی میسر لە شاری رەفحی سەر سنووری لەگەڵ كەرتی غەززە دوازدە سەرباز و خەڵكی مەدەنی كوژران. لەلایەكی دیكەوە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكدا لە میانی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئوردن رایگەیاند: بۆ دوا جار میسر توانی خۆی لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ دوور بخاتەوە كە زۆر ئەگەری هەبوو ئەو شەڕە لە میسر رووبدات و لە هەمان كاتدا كێری گوتی: واشنتۆن زۆر بە وردییەوە چاودێری لە رەوشی ناوخۆی میسر دەكات و ئاماژەی بەوەشدا هێشتا ئەمەریكا هیچ هەڵوێستی خۆی لە هەمبەر دوور خستنەوەی محەمەد مورسی كەسایەتی دیاری ناو ئیخوان موسلیمین لە سەر دەسەڵاتی سەرۆكایەتی نەداوە و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە بەم زووانە واشنتۆن بڕیار و هەڵوێستی خۆی لە سەر دوور خستنەوەی مورسی لە سەر دەسەڵاتی سەرۆكایەتی رادەگەیەنێت، بە پێی شیكارییەكانیش لێدوانەكەی كێری ئەوە دەسەلمێنێت، كە لە ئێستادا ئەمەریكا لە هەمبەر رەوشی میسر هەست بە نیگەرانیەكی زۆر دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار