٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەرەی ئینقاز، ئیخوان بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتبار دەكات

سەرچاوە: KDP.info

میسر - kdp.info/ جەبهەی ئینقاز، كۆمەڵەی ئیخوان مسلیمینی بە جێبەجێكردنی كردەوەی توندوتیژی و بە ئامانجكردنی ئەندامانی سوپا تۆمەتباركرد. لەو بارەوە حوسێن عەبدولغەنی گوتەبێژ بە ناوی جەبهەی ئینقاز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە ئیخوانەكان رەتیانكردەوە كە بێنە نێو یەكڕیزی نیشتمانی و چۆتە ململانێیەكی نا نیشتمانی لەگەڵ هێزە چەكدارەكان. هاوكات جەبهەی ئینقاز داواشی كرد كە بەیانی لە ژێر ناونیشانی سەركەوتن بە سەر ئیرهاب خۆپێشاندان سازدەكەن، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ تێكچوونی بارودۆخی ئەمنیی لە نیمچە دوورگەی سینا و هەروەها خۆپێشاندانەكە بۆ پارێزگاری كردنە لە سەر دەستكەوتەكانی شۆرش. حوسێن عەبدولغەنی دووپاتیشی كردەوە كە گەلی میسری شۆڕش و ئازادیەكانی، لە دەست فاشی و فاشیلەكان، بە دەست هێنایەوە. لە لایەكی دیكەوە لە پەرەسەندنێكی پەیوەندیداردا بزوتنەوەی تەمەڕِود رایگەیاند كە چاوپێكەوتنی نێردراوی ئەمەریكایان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ولیام بیرنز رەتكردۆتەوە.  جۆن كیری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: سوپای میسر توانی وڵات لە جەنگێكی ناوخۆیی گەورە بەدوور بگرێت و گووتیشی ئەستەمە واشنتۆن مەسەلەی گۆشەگیركردنی محەمەد مورسی سەرۆك كۆمار بە كودەتایەكی سەربازی وەسف بكات. لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئوردن و كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتە عەرەبییەكان وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە روودانی كودەتا لە وڵاتان قسەی كرد و گووتی: بارودۆخی ناوخۆی میسر هەستیارە و ئیدارەی واشنتۆن پەلە ناكات لە دەركردنی بڕیارێك لەبارەی میسرەوە. راشیگەیاند لەئێستادا چاوەڕێی دۆخەكە دەكەن كە ڕەنگە جەنگێكی ناوخۆیی سەرهەڵبدات یاخود شەپۆلێكی توندوتیژی گەورە ئەو وڵاتە بگرێتەوە هەرچەندە پرۆسەی داڕشتنەوەی دەستوری میسر هەنگاوی گەورەی بۆ پێشەوە ناوە. لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەكی ئەمنیی میسر ئاشكرای كرد سەرجەم فەرمانگە تایبەتمەندەكان پاسپۆرتی دیبلۆماسی تایبەتی محەمەد مورسیی و خێزان و چەند یاریدەدەرێكی هەڵوەشاندۆتەوە. هەروەها ئاژانسی هەواڵەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوی كردەوە كە پازدە لایەنگری مورسی بەتۆمەتی هاندانی توندوتیژی و كوشتنی حەوت كەس لە قاهیرە دەستگیركردووە و دادگای میسر تۆمەتی پەكخستنی هاتووچۆی شەقامەكان و تەقەكردن لەهێزەكانی پۆلیس و تۆمەتی كوشتنی ڕووبەڕوو كردونەتەوە. لە لایەكی دیكەشەوە كاترین ئاشتون كۆمسیاری سیاسەتەكانی دەرەوە و كاروباری ئەمنی لەیەكێتی ئەوروپا نیگەرانی دەربڕی كە نەیتوانیوە لە میانی سەردانەكەی بۆ میسر چاوی بە محەمەد مورسی سەرۆكی لەسەركار لابراوی ئەو وڵاتە بكەوێت و داواشی كرد بەزووترین كات ئازاد بكرێت و گووتیشی زانیویەتی كە مامەڵەیەكی باشی لەگەڵ مورسیدا كراوە. ئاشتون لە گووتەیەكدا گرنگی پرۆسەی ئینتیقالی لەمیسر دووپاتكردەوە و رایگەیاند داواكارین میسر بەرەو پاشەرۆژێكی دیموكراسی پێشكەوتوو هەنگاو بنێت و نیگەرانی خۆشی لەو توندوتیژیانە دەربڕی كە لە دوای لابردنی محەمەد مورسییەوە دروست بووە. هاوكات بەپێی زانیارییەكان ئاشتون لەسەردانەكەیدا هیچ پەیامێكی یەكێتی ئەوروپای بۆ چارەسەری بارگرژییەكانی میسر پێ نەبووە و تەنیا گوێگری كێشەكانی ئەو وڵاتە بووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ئاكامی هێرشێكی چەكداری لە پارێزگای باكووری سینا لە میسر شەش پۆلیس كوژران و برینداربوون. لەم بارەیەوە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی میسر رایانگەیاند: لە عەریشی پارێزگای باكووری سینا ژمارەیەك چەكداری تووندڕەوەی نەناسراو هێرشێكی چەكدارییان بۆ سەر بنكەیەكی هێزەكانی پۆلیس ئەنجام دا و لە ئاكامدا سێ‌ پۆلیس كوژران و سێی دیكەش برینداربوون، لە دوو رۆژی رابردووش هەر بە هۆی هێرشێكی چەكداری بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی میسر لە شاری رەفحی سەر سنووری لەگەڵ كەرتی غەززە دوازدە سەرباز و خەڵكی مەدەنی كوژران.
 

هەواڵی پەیوەندیدار