حەسەن روحانی هەڕەشەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی بە گاڵتەجاڕی وەسفكرد

ئێران – kdp.info/حەسەن روحانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئێران گاڵتە بە هەڕەشە و لێدوانەكانی ئەم دواییەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلی كرد لەوەی نەتانیاهۆ رایگەیاند: ئێران خەریكە هێڵی سوری بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەبەزێنێت. روحانی گوتی: زۆر جێگای پێكەنینە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە هەڕەشە دەڵێت ئێران لە بەزاندنی هێڵی سوری بەرنامە ئەتۆمییەكەی نزیك بووەتەوە و هەروەها سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئێران لە گرنگی هەڕەشە و تواناكانی ئیسرائیل لە ئەنجامدانی گورز و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران كەم كردەوە و دووپاتی كردەوە، بە هیچ شێوەیەك ئیسرائیل ئەو توانایەیەی نییە گورز و هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات و روحانی ئاماژەی بەوەدا، كە ئەمڕۆ ، دوێنێ نییە ئیسرائیل هەڕەشەی لەم شێویە لە ئێران دەكات و بۆیە گوتی: ئەم جۆرە هەڕەشانە ئیسرائیل تەنیا بە زارەكی لەسەر مێزی دانوستان قسەی لە سەر دەكات بەڵام بە كردەوە توانای جێبەجێكردنی نییە. پێشتریش سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئێران خەریكە هێڵی سوری بەرنامە ئەتۆمییەكەی دەبەزێنێت.




