لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی 30 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی گشتی چۆمانیان كردووە
سۆران - kdp.info / لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 29989 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە، لەو ڕێژەیە 31670 كەس پشكنینی داخلیان بۆ كراوەو هەروەها لەو ماوەیەدا 45 رووداویش تۆماركراون
بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان دكتۆر ئەحمەد حەسەن تایبەت بە kdp.infoراگەیاند: "لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا 29989 نەخۆش لە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان چارەسەریان بۆ كراوە، لەو ڕێژەیە 16936 لە ڕەگەزی مێ و 13053 لە ڕەگەزی نێر. هەروەها 139 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لەو ماوەیەدا ئەنجام دراون، و 1838 نەخۆش سەردانی پزیشكی ددانیان كردووە، لەگەڵ 31670 كەس پشكنینی نوستنیان بۆیان كراوە. هەر لە ماوەی ئەو 6 مانگەدا 158 منداڵی لەدایك بوو ناویان لە نەخۆشخانە تۆماركراوە كە 67 منداڵ لەناو نەخۆخشخانە لەدایك بوونەو 34 لە ڕەگەزی نێرو 33 لە ڕەگەزی مێ بوون، 90 منداڵیش لە ماڵەوە لەدایك بوونە، كە 48 لە ڕەگەزی مێ و 50 لە ڕەگەزی نێر بوونە". جێی باسە ئامارەكانی 6 مانگی ڕابردوو بە بەراورد لەگەڵ 6 مانگی یەكەمی ساڵی 2012ـە زۆر زیادی كردوونە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چۆمان سەبارەت بە رووداوەكانیش وتی: "لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوودا لە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان 45 ڕووداوی جۆراوجۆر تۆماركراون، لەو ڕێژەیە 28 ڕووداوی هاتوچۆ بوونە. 3 ڕووداوی مین و 4 حالەتی توندوتیژی و 10 ڕووداوی تری جۆراو جۆربوونە". جبَی باسە ئاماری ڕووداوەكانی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ 6 مانگی یەكەمی ساڵی ڕابردوو زۆر كەمی كردوونە.




