٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق نەیتوانی پڕۆژە یاسای سرودی نیشتیمانی پەسەند بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی دەڵێت: لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لە بارەی دوو پڕۆژە یاسای گرنگ کرا، ئەوانەش پڕۆژە یاسای سرودی نیشتیمانی وھەڵبژاردنەکان، بەڵام بەھۆی ھەبوونی ناکۆکی لەسەری دواخران بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتوو.

د.رزگار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بەkdp.info راگەیاند: لە بارەی سرودی نیشتیمانی لایەنەکان تێبینیان لەسەری ھەبوو، ئێمەش وەکو کورد پێمان وایە سرودەکە زۆر درێژە و پێویستە کورت بکرێتەوە، بۆیە لەسەر داوای سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی داواکرا گفتوگۆ لە بارەیەوە دوابخرێ و بگەرێندرێتەوە لیژنەی تایبەتمەند، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری تێدا بکرێت، ئەوە بوو سەرۆکایەتی پەرلەمان دوایخست بۆ کۆبوونەوەکانی داھاتوو.

د.رزگار لێدوانێکی ئەندامێکی لیستی دەولەتی قانونی رەتکرده‌وە کە باسی لەوەکردووە ناکۆکی لەسەر دێرە شعری کوردی ھەیە و گوتی: سرودەکە زۆر درێژە بۆیە ئێمە داوامان کرد بگەرێندرێتەوە، بۆئەوەی کورت بکرێتەوە و ھیچ ناکۆکییەک لە بارەی دێرەشعری کوردی نییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پڕۆژە یاسای ھەڵبژاردنەکان، بەڵام بەھۆی ھەبوونی ناکۆکی دواخرا .

 

ئەمەش لەکاتێکدایە عەلی شەلاه ئەندامی لیستی دەوڵەتی قانون لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دەنگ لە بارەی پرۆژە یاسای سرودی نیشتیمانی بدرێت، بەڵام بەھۆی ناکۆکی لە بارەی دێرە شعری کوردی دواخرا و دەنگی لەسەر نەدرا.

هەواڵی پەیوەندیدار