سهرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی له ژمارەیەک لاوی کوردستان کرد کە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ سەر ڕووباری ئاراس بەڕێ کەوتبوون

ئهمڕۆ پێنجشهممه 18ـى 7ـى 2013 لە سەڵاحەدین بهڕێز مسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی كرد له ژمارەیەک لاوی کوردستان کە بۆ یادکردنەوەی ڕێڕەوە مێژووییەکەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی، لەبەردەم پەرلەمانی کوردستانەوە بەرەو ڕووباری ئاراس بەڕێ کەوتبوون.
له دیدارەکەدا، سهرهتا ئومێد خۆشناو سكرتێری یهكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان به ناوی بهشداربووانی چالاکییەکە سوپاسی سهرۆكی ههرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیی کردنیان و کورتەیەکی لەبارەی بیرۆکەی ناردنی پۆلێك لە لاوانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بۆ سەر ڕووباری ئاراس، پێشکەش کرد و وەک هەنگاوێک بۆ ناساندنی بەشێک لە مێژووی بەرخودانی گەلی کوردستان ناساندی و ڕاشیگەیاند کە وەک ئەرکێکی سەرشانیان لە هەوڵدانیان بۆ گەیاندنی پەیامی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو بەردەوام دەبن.
پاشان بەشێک لە ئامادەبووان بەسەرهاتی گەشتەکەی خۆیان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستانەوە بۆسەر ڕووباری ئاراس گێڕایەوە و کاریگەرییەکانی بینینی ئەو ڕێگە دوورەیان باس کرد کە چۆن هەستیان بەو ناخۆشییانە کردووە کە بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی توانیویانە بە خۆڕاگرییەوە بگەنە ئامانجەکەیان.
دواتر بهڕێز سهرۆكی ههرێمی كوردستان به خێرهاتنی میوانەکانی كرد و دەستخۆشیی ئەو چالاکییەی لێ کردن و ڕایگەیاند: مێژووی گەلی ئێمە هەمووی داستانی پڕ لە سەروەرییە و پێویستە لاوانی کوردستان شارەزای مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەیان بن و بزانن کە ئەم ئازادی و سەقامگیری و پێشکەوتنەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەمانە بەری ڕەنج و خەباتێکی درێژخایەنە و قوربانییەکی زۆرمان لەپێناوی بەخشیوە و پێویستە بیپارێزین. هەروەها گوتی: ئێستا دەوڵەتان و ڕێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ستایشی سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کۆمپانیا گەورەکانی دنیا پێشبڕکێیانە لەسەر هاتنیان بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان، کەچی هەندێ کەس هەوڵ دەدەن ئازادی و پێشکەوتنەکانی کوردستان ناشرین بکەن و مێژوومان بشێوێنن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە خۆڕاگریی گەلەکەمان لە ڕابردوو و پێویستیی هوشیاریی لاوان بۆ ئێستا و داهاتوو کرد و گوتی: دوژمنانی گەلەکەمان هەموو جۆرە چەکێکیان لە دژی گەلەکەمان بەکار هێناوە، ئەنفال و کیمیابارانیان کردین و گوند و شارەکانان سووتاند، بەڵام نەیانتوانی ئیرادە و بڕوابەخۆبوونمان بشکێنن، بەڵام ئێستا بەڕێگەی دیکە کار بۆ شکاندنی ئیرادە و متمانەبەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی لاوانمان دەکەن و ئێوەی لاو دەبێ چاوتان کراوە بێت و نەهێڵن ئەو مەرامەی ناحەزان و هاوکارەکانیان سەربگرێت، بۆیە پێویستە مێژووی گەلەکەتان بخوێننەوە و سەروەرییەکانی بپارێزن و خۆتان بۆ داهاتوویەکی گەش ئامادە بکەن.




