کردنەوەی خولێکی ھونەریی بۆ منداڵانی کۆمەڵگەی جێژنیکان
ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ لە درێژەی کار و چالاکییەکانی گرووپی دۆق شارتەر بۆ ھونەری منداڵان, خولێکی ھاوینەیی ھونەریی لە بوارەکانی ( شانۆ , موزیک , ھەڵپەڕکێ , وێنەکێشان , وانەی ڕۆشنبیری ) بۆ 60منداڵی ناوەندی نێرگز لە کۆمەڵگەی جێژنیکانی شارەدێی بەحرکە کردەوە .
سەبارەت بە کردنەوەی ئەم خولە شێرزاد رەسوڵ فەقێ سەرپەرشتیاری خولەکە رایگەیاند: ئامانج لە کردنەوەی ئەم خولە ئەوەیە کە منداڵان لەم پشووەدا لە کۆڵانان دوور بکەونەوە بەتایبەتی بۆ منداڵانی خۆشەویستی رۆژھەڵاتی کوردستان تاوەکو سوود لە کاتی بەتاڵیان وەربگرن, منداڵ کاتێک لەم خولەدا بەشداری دەکات بەھرەی دەردەکەوێت و ئێمە لەم ڕێگەیەوە دەمانەوێت برەو بە بەھرەکانیان بدەین لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی گرووپەکەمان بەردەوام بن.
ھەروەھا لەم خولەدا لە ڕێگەی وانەی ڕۆشنبیرییەوە منداڵان بە مافەکانیان ئاشنا دەکەین و خولەکە ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت, لە کۆتایی خولەکەشدا بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی خوێندنەوە چەند گەشتێکی زانستی و نمایشی بۆ چەند شار و شارۆچکەیەک ئەنجام دەدەین.




