مەهدی ئەكەر: قۆناغی چارەسەری كاریگەری لە سەر كشتووكاڵ و ئاژەڵداری دەكات

دیاربەكر- KDP.info/ وەزیری كشتووكاڵ و ئاژەڵداری حكوومەتی توركیا مەهەدی ئەكەر لە كۆبوونەوەیەكدا لە شاری دیاربەكر باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و ئەنجامەكانی ئەم قۆناغی كرد و گوتی: قۆناغی چارەسەری تەنیا لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە ئەنجامی باشی نییە بەڵكو لە چەندین بواری دیكەیشدا ئەم قۆناغە دەرئەنجامی ئیجابی دەبێت.
لەم بارەیەوە رۆژنامەی میلادی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە وەزیری كشتووكاڵ و ئاژەڵداری توركیا مەهدی ئەكەر لە دیاربەكر رایگەیاندووە كە یەكێك لە دەرئەنجامە باشەكانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە سەر كشتووكاڵ و ئاژەڵداری لە ناوچەكە دایە، چوونكە لەگەڵ راوەستاندی شەڕ و بێدەنگ كردنی چەكەكان، ئەو ناوچانە كە بە ساڵان بوو لە لایەن سوپایەوە وەكو ناوچەی قەدەغە كراوی سەربازی راگەیندرابوون، ئازاد دەكرن و خەڵك دەتوانن بە مەبەستی ئاژەڵداری و كشتووكاڵ روو لەو ناوچانە بكەن.
ئەكەر ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەت هەر لە ئێستەوە دەستی بە ئامادەكاری بۆ هەموار كردنەوەی یاسای زەوییەكانی كشتووكاڵ و ئەو زەوییانە كردووە كە بۆ كاری ئاژەڵداری بەكار دەهێنرن و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ناوچانە دەتوانن لە رووی كشتووكاڵی و بەرهەمە خۆماڵییەكانەوە بەشێكی زۆری پەیداویستییەكانی توركیا دابین بكەن.




