سەلاحەدین دەمیرتاش: حكوومەت نایەوێ قۆناغی چارەسەری سەركەوتوو بێت
ئەنقەرە- KDP.info/ هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش سەبارەت بە بەردەوام كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا رایگەیاند كە حكوومەتی توركیا نایەوێ قۆناغی چارەسەری سەركەوێت و ئەنجامی باشێ لێ بكەوێتەوە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی حۆرخەبەری توركی بڵاوی كردووەتەوە كە هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش رەخنەی زۆر توندی ئاراستەی هەڵوێست و هەنگاوەكانی حكوومەتی توركیا كردووە و گوتوویەتی: حكوومەتی توركیا زۆر بە كەم تەرخەمی هەنگاو دەنێت و نایەوێ قۆناغی چارەسەری بە خێرایی بگاتە ئەنجام.
سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە كردووە كە پەكەكە بۆ چاوی رەشی ئاكەپە هێزە چەكدارەكانی خۆی نەكێشاوەتەوە بەڵكو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی قۆناغی چارەسەری هەنگاوێكی بەمجۆرەی ناوە بۆیە پێویستە حكوومەتی توركیایش كەم تەرخەمی وەلاوە بنێت و بە پەلە دەست بە جێبەجێ كردنی هەنگاوی ئیجابی بكات.
ناوبراو هەروەها داوای لە حكوومەتی توركیا كردووە كە وەكو یەكێك لە هەنگاوە پێویستەكانی قۆناغی چارەسەری رێژەی سەدا 10ی هەڵبژاردنەكان دابەزێنێت.




