میسر..محەمەد مورسی بەتۆمەی هەڵهاتن لە گرتوخانە لە ساڵی 2011 دادگایی دەكرێت

میسر – KDP.info/ میدیا فەرمییەكانی میسر بڵاویان كردەوە، كە راوێژكار هیشام بەرەكات دادوەری گشتی ئەو وڵاتە پرسی لێكۆڵینەوەی لە بارەی هەڵهاتنی محەمەد مورسی سەرۆكی دوور خراوەی میسری و لەگەڵ دوو سەركردەی دیكەی ناو ئیخوانیەكانی لە گرتووخانە لە ساڵی دوو هەزار و یازدە ڕەوانەی دادوەرێكی لێكۆڵینەوەی ناو وەزارەتی دادی میسر كردووە. لەمبارەیەوە ئاژانسی دەنگوباسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فەرمی میسر بڵاوی كردەوە، نۆزدە سەركردەی ئیخوان موسلیمین لە بەرامبەر پرسی شكاندنی گرتووخانەی دۆڵی نەتروون لە رۆژانی سەرەتاكانی شۆڕشی بیست و پێنجی یەنایەری ساڵی دوو هەزارو یازدە كە تێدا بووە هۆی رووخانی دەسەڵاتەكەی حوسنی موبارەك سەرۆكی میسر تۆمەتبار كراون و لە ئێستاشدا هیشام بەرەكات دادوەری گشتی بڕیاری دا ئەو پرسەیە ڕەوانەی دادوەرێكی لێكۆڵینەوەی ناو وەزارەتی داد بكرێت بۆ ئەوەی ئەو دادوەرە بتوانێت بێ لایەنانە لێكۆڵینەوە لەو پرسەیە بكات. ئەمەش لە كاتێكدایە تا ئێستا مورسی لە شوێنێكی نەناسراو دەست بەسەرا. لەلایەكی دیكەوە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی ناوخۆی میسر ئاشكرایان كرد، كە ژمارەیەك چەكداری تووندڕەوی نەناسراو لە شاری رەفحی باكووری نیمچە دوورگەی سینا هێرشێكی چەكدارییان بۆ سەر بنكەیەكی سەربازی هێزەكانی سوپای میسر ئەنجام داو لە ئاكامدا حەوت كەس بە سەختی برینداربوون كە شەشیان سەربازی میسرن.




