مومتەزەر توركونە: تاقە بەرهەڵەستكاری ئاكەپە پەكەكەیە

ئەستەنبۆل-KDP.info/ نووسەری ناوداری تورك مومتەزەر توركونە لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی خەبەر توركدا باسی رووداو پێشهاتە سیاسییەكانی ئەم دوایەی توركیا كرد و گوتی: هەر دوو پارتی كۆماری گەل و پارتی رەگەزپەرەستی توركی تا ئێستە نەیانتوانیوە وەكو ئوپوزسیون رۆلی خۆیان بگێڕن، بۆیە تاقە بەرهەڵەستكاری دەسەڵاتی ئاكەپە لە توركیا پەكەكەیە.
توركونە لە بەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە توركیا چەند كەس و لایەنێك هەن كە هەوڵ بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەدەن چوونكە چارەسەر كردنی پرسی كورد بە مانای كۆتایی هاتن بە پوست و پلەی ئەوانە، بۆیە ئەم جۆرە كەسانە لە رێگای ئوپوزسیونی مارژیناڵی توركیاوە هەوڵ بۆ تێكدانی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەدەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كردووە كە تا ئەو رۆژەی كە توندوتێژی لە توركیادا هەبێت جەهەپە و مەهەپە ناتوانن وەكو ئوپوزسیون لە دژی ئاكەپە رابوەستن، بۆیە تاقە پەكەكە دەبێتە تاقە بەرهەڵەستكاری ئاكەپە و هیچ پارتییەكی دیكەی سیاسی توركیا ناتوانێت بێجگە لە پەكەكە لە رووی سیاسییەوە دژایەتی ئاكەپە بكات.




