لە دیاربەكر ئوپەراسیونێكی بەرفراوان لە دژی مادە هۆشبەرەكان ساز كرا

دیاربەكر-KDP.info/ پارێزگاری دیاربەكر رایگەیاند كە رۆژی سێ شەممە لە سەر داواكاری دۆزگەری گشتی كۆماری و بەرێوەبەرایەتی ئەمنیەتی دیاربەكر لە ناوچەی لیجە دەست بە ئوپەراسیونێكی بەرفراوان لە دژی مادە هۆشبەرەكان كراوە.
لەم بارەیەوە رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە پارێزگاری دیاربەكر لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە بە هۆی زۆر بوونی بوستان و شوێنی پێگەیاندنی مادە هۆشبەرەكان لە ناوچەی لیجە لە دیاربەكر، دۆزگەری گشتی كۆماری لە دیاربەكر و بەرێوەبەرایەتی ئەمنیەتی دیاربەكر داوای ساز كردنی ئوپەراسیونێكی هاوبەشیان كردووە، بۆیە ئێوارەی رۆژی سێ شەممە ئەو ئوپەراسیونە بە بەشداری زیاتر لە 500 پولیس و چەندین كۆپتەر لە ناوچەی لیجە دەستی پێكردووە.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەی پارێزگاری دیاربەكردا هاتووە كە لە ئەنجامی ئەم ئوپەراسیونەدا توانراوە كە زیاتر لە 6 میلیون بنكۆكی ( شەتل) مادە هۆشبەرەكان لە ناو ببرێت.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئەمرۆ ئەمە دووەمین جارە كە هێزە ئەمنییەكانی دیاربەكر لە ناوچەی لیجە دەست بە ئوپەراسیون لە دژی چاندن و پێگەیاندنی مادە هۆشبەرەكان دەكەن.




