له‌دانیشتنی سبه‌ینێی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران 3 پرۆژه یاسا تاوتوێده‌كرێت

بەغداد –KDP.info/ بڕیاره سبه‌ینێ، سێشه‌ممه، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی خۆی ئه‌نجام بدات. به‌پێی زانیاریه‌كان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه تایبه‌ته به‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه یاسای هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ژماره 16ی ساڵی 2005 كه به‌یاسایه‌كی مایه‌ی ناكۆكی داده‌نرێت به‌هۆی رێنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر داڕشته‌یه‌كی هاوبه‌ش .پێشتر سه‌ره‌رای ژماره‌یه‌ك له‌هێز‌و كوتله سیاسیه‌كان، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌نه‌جه‌ف به‌كارهێنانی لیستی داخراوی له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به شكستخوارد و ناوبرد .هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ینێدا بڕیاره ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه یاسای هه‌مواركردنی یه‌كه‌می یاسایی خزمه‌ت‌و خانه‌نشینی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ ژماره 18ی ساڵی 2011 بدرێت، له‌گه‌ڵ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه یاسای هه‌مواركردنی یه‌كه‌می یاسایی دامه‌زراوه‌ی زیندانیه سیاسیه‌كان ژماره 4ی ساڵی 2006. پێشتر هه‌ندێك له‌سه‌رچاوه‌كان رایانگه‌یاند، كوتله‌كانی په‌رله‌مان رێكه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆی پرۆژه یاساكان بخرێته‌روو به‌یه‌كجار له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، پاش ئه‌نجامدانی رێكه‌وتن له‌سه‌ریان، به‌ڵام بڕیارده‌ری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، محه‌مه‌د خالدی، ره‌تیكرده‌وه رێكه‌وتنی له‌و جۆره ئه‌نجامدرابێت .




