بە هۆی بەرتیلەوە لە سێ گرتوخانەی ئەستەنبۆڵ 35 كەس دەستگیركران

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ پۆلیسی توركیا بە بیانووی ئەوەی كە بەرپرسانی سێ گرتووخانەی ئەو شارە لە بەرانبەر وەرگرتنی بەرتیلدا دەرفەتیان بە گیراوەكان داوە تا مادەی هۆشبەر، موبایل و شتی دیكە ببەنە نێو گرتووخانەكانەوە ئۆپەراسیونێكی ئەنجام دا و لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیونەدا بە لانی كەمەوە 35 بەرپرس و كارمەندی سێ گرتووخانە دەستگیركراون.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاویكردەوە كە رۆژی دووشەممە پۆلیسی ئەستەنبۆڵ لە سەر داوای داواكاری گشتی كۆماری بە شێوەیەكی هاوكات دەستی بە ئۆپەراسیون لە سەر سێ گرتووخانەی ئەستەنبۆڵ كردووە و زیاتر لە 35 كارمەندی ئەو گرتووخانانە كە ژمارەیەك بەرێوەبەر و جێگری بەرێوەبەریش لە نێویاندان دەستگیر كردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە هۆكاری ئەم ئۆپەراسیونە وەرگرتنی بەرتیل لە لایەن بەرپرسانی گرتوخانە و كارمەندانی گرتووخانەكانەوەیە و گیراوان و كەس و كاری گیراوەكان بۆ ئەوەی بتوانن مادەی هۆشبەر، موبایل و شتی دیكە ببەنە نێو گرتووخانەكانەوە بەرتیلیان داوە.




