دیاردەی دزی كردن و رێگەبڕی خەڵك لە سنە پەرەی سەندووە

سنە- KDP.info/ بە هۆی بێكاری و هەژارییەوە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دیاردەی دزی كردن و رێگەبڕین لە شاری سنە رووی لە زیاد بوون كردووە و گرووپ و تیمە دزەكان بە مەبەستی وەرگرتن پارە دەست بە رەفاندنی هاووڵاتییان، رێگەبڕی و تاڵانكردنی ماڵ و دووكانی خەڵك دەكەن.
ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز بڵاویكردووەتەوە كە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە دیاردەی دزی كردن و رێگەبڕی و تاڵانكردنی ماڵ و دووكانی هاووڵاتییان پەرەی سەندووە و ئەمەیش بووەتە هۆكاری ترس و دڵەراوكێ لە نێو دانیشتوانی شاری سنەدا.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە بە هۆی بێكاری و هەژارییەوە گرووپ و تیمە دزەكان بە رۆژ و شەو لە سەر كارن و رێگەی خەڵك دەبڕن و لە بەرچاوی خەڵكانی دیكەوە دەست بە رووت كردنەوە و تاڵان كردنی گیرفانی خەڵك و دووكان و ماڵی خەڵك دەكەن.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە زۆربەی ئەو دزانە خەڵكی شاری سنە و كرماشانن و خەڵك دەیانناسێت و تا ئێستەیش بە سەدان سكاڵایان لە سەر تۆمار كراوە بەڵام دەزگا ئەمنییەكان تا ئێستە هیچ جۆرە رێوەشوێنێكی پێویستان وەرنەگرتووە.




