٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: ناكۆكیە سیاسیەكان رۆڵی پەرلەمانی عێراقیان لاواز كردووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغداد - KDP.info/ پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی كوردستانی ئەشواق جاف رایگەیاند: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خاوەنی توانای زۆر باشە، بەڵام جیاوازی و ناكۆكیە سیاسیەكان لەنێو سەركردەی كوتلە سیاسیەكاندا سەریكێشاوە بۆ لاوازی پەرلەمان و وای كردووە نەتوانێ رۆڵە دەستووریەكانی خۆی باش جێبەجێ لەهەردوو بواری چاودێری و یاسادانان.

ئەشواق جاف ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی بۆ (KDP.info) رایگەیاند : ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لاواز نییە بەڵكو توانای زۆری لەخۆی گرتووە، بەڵام رۆڵی لاوازە بەهۆی ئەو جیاوازی و ناكۆكیە سیاسیانەی كەهەیە، هەرلەبەر ئەوەیە پەرلەمان ناتوانێ هەستێت بەرۆڵی یاسادانان و چاودێری هەروەكو چۆن دەستوور رۆڵی بۆدیاریكردووەبۆ خزمەتی گەلی عێراق.

بەهۆی ئەو ناكۆكیە سیاسیانەوە هەركاتێك دەمانەوێ بچین بۆ راستكردنەوەی هەر دۆسیەیەك دەبینین لەلایەكەوە ئەو راستكردنەوەیە بەوە وەسفی دەكەن كە پاڵنەری سیاسی لەپشتە و هەوڵێكە بۆتێكدان و رووخاندن، ئەمە بۆ بانگهێشتكردن و پرسیاركردنیش راستە لەبەرپرسانی عێراقی لەناوپەرلەماندا، وەدەبینین بارستە سیاسیەكان پێشبڕكێی بەرگریكردنیانە لەنوێنەرەكانیان بۆیە ئەم دۆخە بووەتە هۆی داروخانی وڵات.

باسی لەوەش كرد تاوەكو سیاسیەت بەم شێوەیەبێ لەعێراقدا هیچ گۆڕانكارییەك لەدۆخی ئەمنی و هیچ دۆخێكی دیكەدا عێراق روونادات

ئاماژەی بەوەش كرد كە هەندێ كاری هەستیار هەیە كە پەیوەندی و بەركەوتنێكی راستەوخۆی بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە وەك دۆخی ئەمنی و كۆبوونی خۆراك كەچی پەرلەمانی عێراق جگە لەلیژنە دروست كردن هیچی دیكەی نەكردووە و وەبەشێوەیەكی راست چارەسەری ئەو دۆخە نەكراوە.

لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە جاف گوتی: لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەران بەشێوەیەكی بەردەوام هەر سەرقاڵی دروستكردنی دروستكردنی لیژنەن ئەو لیژنانەش هیچ بەرهەمێكی هەستپێكراوی واقیعیان نییە لەسەر ئەرزی واقیع، بەڵكو پێویستە لیژنەی ئاسایش و بەرگری چەند خاڵێك دیاریبكەن و فشاربخەنە سەرلیژنەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە.

ئەشواق جاف كە ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، دوودڵی خۆی دەربڕی لەبەردەوامبوونی زنجیرە تەقینەوەكان لەعێراقدا و داواكاریشە لەدەزگا ئەمنیە ناوخۆییەكان كەهەستن بەبەرپرسیارێتی نیشتیمانیان و شوێنكەوتنی تیرۆریستان كەیاری بەخوێنی هاوڵاتیانی عێراق دەكەن.

عێراق بارودۆخێكی ئەمنی ناجێگیی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبیلی مینرێژكراو بۆمبی چێندراو و بۆمبی لكاوەوە ئەمە جگە لەكوشتن بەچەكی بێدەنگ دیارترینیان ئەو كارە تیرۆریستیانەی لەكەركوك و كەربەلا و بەسرە و ناسریە و واست و بابل روویاندا كە بوونە هۆی كوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی.

هەواڵی پەیوەندیدار