جندیانی: نەوشیروان مستەفا تەمەنی تێپەڕیو دەسەڵاتی نەگرتەدەست

ئازاد جندیانی لە وتارێكدا، كە ئەمڕۆ یەكشەممە رۆژنامەی كوردستانی نوێ بڵاویكردووەتەوە، رەخنە لە سیاسەتەكانی ئۆپۆزیسۆن بەگشتی و نەوشیروان مستەفا بە تایبەتی دەگرێت و دەڵێ "بنەما تیۆرییەكانی خۆڵەمێشین".
ئازاد جندیانی، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لەو وتارەیدا كە بە ناونیشانی (ئۆپۆزسیۆنی بێ ئومێد لەنێوان گۆڕان ودوو حیزبە ئیسلامییەكەدا) نووسیویەتی، دەڵێت: "رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوەی یەكێتی كەرت كردو ئایندەی خۆی لەسەر چەند بنەمایەكی تیۆری بونیاد نا، كە دواجار بۆ ئەویشو بۆ جەماوەرەكەیو بۆ چاودێرانیش بەتەواوی روون بووەوە كەئەو بنەما تیۆرییانە لەبەرامبەر داری هەمیشە سەوزی ژیاندا خۆڵەمێشن، بۆیە لەهەمووان زیاتر بێ ئومێدە".
جندیانی تێپەڕبوونی تەمەنی نەوشیروان مستەفا بە رێگر دەزانێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی و دەڵێت "تەمەنیشی چیتر یاریدەی نادا، كورد وتەنی تەمەنی تێپەڕیو دەسەڵاتی نەگرتەدەست".
سەبارەت بە بێئومێدیی نەوشیروان مستەفا بە ئایندەی سیاسیی خۆی، ئازاد جندیانی لە وتارەكەیدا نووسیویەتی "ئەو بێ ئومێدییەی بەئایندەی سیاسی خۆی لەیەكێك لەكۆنفرانسە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەیدا بەڕوونی دەربڕی كاتێ رایگەیاند، كە ئیتر دەبێ بچنە دەسەڵات. بێ ئەوەی روون بكاتەوە چ چوونە دەسەڵاتێك، بەهەڵبژاردنو بردنەوە، یان دووبارەكردنەوەی سیناریۆی 17ی شوبات، یاخود بەشێوازێكی تر؟، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە نەوشیروان مستەفا ئیتر تاقەتی چووە وەك ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە".
لە وتارەكەیدا جندیانی رەخنە لە رێككەوتنی هەردوو لایەنی ئیسلامی (یەكگرتوو و كۆمەڵ) دەگرێت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و دەڵێت: "پرسیارێك لەو حزبە ئیسلامییانەی ئۆپۆزسیۆن ئەكەم، كە دڵنیام لایەنگرانیشیان ئەو پرسیارە ئەكەنو ئەڵێن، یەكگرتوو و كۆمەڵ چیان لەو زەواجە كاسۆلیكییە دەستكەوتووە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان؟ (ببوورن وەك دەستەواژەیەكی سیاسی بەكارمهێناوەو هیچ مانایەكی تر هەڵناگرێ)، ئایا وەك سروودی ئینتەرناسیۆنال ئەڵێ، گۆڕان ئاخرین شەڕی سەروماڵە ئەیكات، دووحزبەكەش ئاخرین شەڕی سەروماڵە ئەیكەن؟




