پارێزگاری هەولێر لەگەل لیژنەی نرخ و چاودێری بازارەكان كۆبۆەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی بازارەكان و نرخی خواردەمەنییەكان و كاڵاكان لە بازارەكانی پایتەخت و بەتایبەتیش لەمانگی رەمەزانی پیرۆز كە پێویست بە چاودێری و كۆنترۆلی پتر دەكات، نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر لەدیوانی پارێزگادا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی نرخ و چاودێری بازارەكانی كرد كە بەرێوەبەرانی چاودێری بازرگانی و كاروباری ناوخۆ و ئاسایشی بازگەكان و ئاسایشی ئابووری و ڤێتێرنەری و چاودێری تەندروستی و سامانی ئاژەل ئامادەی بوون .
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە نرخی گۆشتی سوورو گۆشتی مریشك بەجۆرەكانییەوەو هێلكەو میوەجات و پێداویستییە خۆراكییەكان كران و بەوردی دەست لەسەر هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندوو لەبازارەكان دانرا، كە بە هۆكاری بلاوبوونەوەی هەندێ پەتای بەهیلاك بەر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو زیادبوونی خواست لەسەر مریشك نرخەكانیان بەرزبۆتەوە و، بریاری پێویستیش درا بۆ چارەسەركردنی ئەو حالەتە و دانانی رێوشوێنی لەبار بۆ فەراهەمكردنی گۆشتی مریشكی ئامادەكراو لەهەردوو بابەتی خۆمالی و هاوردەكراو بۆ بازارەكان بەدرێژایی مانگی رەمەزان .
سەبارەت بەنرخی كالاو شتومەك و كەرەستەكانی خۆراكی جیاجیا جەخت لەوە كرایەوە كە نرخەكان بەرادەیەك لەئاستی خۆیدایەو هیچ بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو لەئارادا نیە، سەبارەت بە میوەو كاڵەك و شووتی هەماهەنگی لەگەل وەزارەتی كشتوكال دەكرێت بۆ رێكەدان بە هاوردەكردنی ئەو بەرووبوومانە بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخەكانیان، چونكە بەرهەمی خۆمالی خەریكە دەبرێتەوە . هەروەها جەخت لەچاودێری پتری بازارەكان كرایەوە و بریار لەسەر رێوشوێنی گونجاو درا بۆ رێگریكردن لەهەر قۆرخكاری و بەرزكردنەوەی نرخەكان و سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەكەن .




