لە رۆژهەڵاتی كوردستان پارتییەكی نوێ دادەمەزرێت
سنە- KDP.info- دوای بە دوای هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران و هەوڵدانەكانی پێكهاتەكانی دیكەی ئێران بۆ دامەزراندنی پارتییەكی سەرانسەری لە ئێران، كوردیش لەو وڵاتە دەستی بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پارتییەكی نوێ كردووە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی رۆژهەڵات تایمز بڵاوی كردەوە هاوكات لەگەڵ هەوڵدانەكانی سەرۆك كۆماری نوێ ئێران حەسەن روحانی بۆ دامەزراندنی كابینەی خۆی، كوردیش لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی بە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی پارتییەكی بنكە فراوان كردووە. و بۆ ئەم مەبەستە رۆژی هەینی لە شاری سنە ژمارەیەكی زۆر لە چالاكڤانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد دوای نوێژی هەینی كۆبوونەوەیەكیان ساز كردووە و دەستیان بە گفتووگۆ كردنی چۆنیەتی دامەزراندنی پارتییەكی بنكە فراوان كردووە.
لە لایەكی دیكەوە بەشێكی دیكەی كوردانی رۆژهەڵاتیش هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن كە خۆیان لە نێو ئەو پارتە نوێیە ئێرانییە كە بریاری وەكو پارتی رێفورمخوازەكانی سەرانسەری ئێران دابمەەزرێت، بگونجێنن.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە مانگی رابردوویش ژمارەیەك لە كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوایان لە كەسێكی غەیرە كورد كردبوو كە پارتییەكی سیاسییان بۆ دابمەزرێنێت. بەڵام چاوەروان دەكرێت كە ئەو كوردانەیش خۆیان بخەنە نێو ئەو پارتە نوێیە ئیرانییەوە كە بریارە لە لایەن لایەنگرانی حەسەن روحانییەوە دابمەزرێت.




