سوپای میسر: رێ نادەین زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەمان بگەیەنرێت

قاهیرە-KDP.info/ لە قاهیرە سوپای میسر رایگەیاند كە رێ نادات زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە بگەیەنرێت . لەو بارەوە سەرهەنگ ئەحمەد عەلی گوتەبێژ بە ناوی سوپای میسرەوە رایگەیاند كە سوپای میسر رێ نادات زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی میسر بگەیەنرێت و توانای هەیە رەوشەكە یەكلا بكاتەوە. لەو چوارچێوەدا سوپای میسر دەستی بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر چەكدارەكان لە ناوچەی چیای حەلال و شێخ زوەیدو رەفەح و چیاكانی ناوەڕاستی نیوچە دوورگەی سینا كرد كە هیلیكۆپتەری جۆری ئاپاچی بەشەداری تێدا دەكات. لای خۆیەوە داواكاری گشتی لە میسر رایگەیاند كە دەستی بە لێكۆڵینەوەی ئەو سكاڵایانە كردووە كە محەمەد مورسی سەرۆكی لەسەر كار لادراوو چەند ئەندامێكی سەركردایەتی ئیخوان بە كوشتن و سیخوڕی دژ بە وڵات تۆمتبار دەكەن. لەو بارەوە راوێژكار عادل سەعید یاریدەدەری داواكاری گشتی و گوتەبێژ بە ناوی داواكاری گشتییەوە روونی كردەوە كە داواكاری گشتی دەستی بە لێكۆڵینەوەی ئەو سكاڵایانە كردووە كە محەمەد مورسی و ژمارەیەك لە سەرانی نووسینگەی ئیرشادی بەرزترین دەستەی سەر بە ئیخوان موسلمین و پارتی ئازادی و دادپەروەری باڵی سیاسی ئیخوان موسلمین و لایەنگرانیان كردووە بە تۆمەتی چەند تاوانێك لە پێش هەمووشیانەوە سیخوڕی كردن و كوشتنی خۆپیشاندەران. روونیشی كردەوە ئەو سكاڵایانەی پێشكەش كراون دژ بە ژمارەیەك لە كەسایەتی ئەو لایەنە ناوبراوەیەو بریتین لە محەمەد بەدیع رێبەری ئیخوان و محەمەد مەهدی عاكف رێبەری پێشوو و هەر یەك لە عیسام عوریان و محەمەد بەلتاجی و سەفوت حیجاز و مەحموود غزلان و عیسام سوڵتان و ژمارەیەكی دیكەی سەربەو لایەنە. لەلایەكی دیكەوە بە هەزاران كەس لە لایەنگرانی محەمەد مورسی سەرۆكی لادراوی میسر رژانە گۆڕەپانی رابیعەتول عەدەوییە لە رۆژهەڵاتی قاهیرەو داوایان كرد بگەڕێتەوە پاش ئەوەی داوایەكی سوپای میسریان رەت كردەوە كە داوای لێ كردبوون خۆپیشاندان و مانگرتنەكەیان كۆتایی پێ بهێنن و بڵاوەی لێ بكەن.




