پەروین بۆڵدان: كەس ناتوانێت ناكۆكی بخاتە نێوان كورد و ئازەرییەكانەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ جێگری سەرۆكی گرووپی بەدەپە لە پەرلەمانی توركیا پەروین بۆڵدان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بەردەم پەرلەمانی توركیادا رەخنەی زۆر توندی ئاراستەی سەرۆكی شارەوانی شاری ئیغدری سەر بە پارتی رەگەزپەرەستی توركی ( مەهەپە) كرد و گوتی: كریارەكانی سەرۆكی شارەوانی ئیغدری مەهەپە تەنیا بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبڕكێیە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یووكسەكئۆڤا بڵاویكردەوە كە پەروین بۆڵدان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بە هۆی نووسینی نوسینە كوردی و ئازەرییەكانی سەرۆكی شارەوانی ئیغدر لە رۆژنامەی ئیغدربولتەندا ترسی ئەوە هەیە كە ناكۆكی بكەوێتە نێوان كورد و ئازەرییەكانی دانیشتوانی شاری ئیغدرەوە چوونكە ئەم نووسینانە تەنیا ئامانجان نانەوەی ئاژاوە و ناكۆكییە.
بۆڵدان بە هۆی ئەم نووسینانەوە سەرۆكی شارەوانی ئیغدری مەهەپەی ئیدانە كردووە و گوتوویەتی: ئەمە سیاسەتی مەهەپەیە و دەیەوێ لە ئیغدر كورد و ئازەرییەكان بە گژ یەكتردا بدات، بەڵام با باش بزانن كە نەتەنیا مەهەپە بەڵكو هیچ كەسێكی دیكە ناتوانێت كورد و ئازەری لە شاری ئیغدردا بە گژ یەكتردا بدات و ناكۆكی بخاتە نێوانیانەوە.




