لە ئەردەبیلی ئێران 22 هاووڵاتی دیكە لە سێدارە دەدرن

ئەردەبیل- KDP.info/ لە بەردەوامی سێدارەدانی هاووڵاتییانی ئێرانی لە لایەن رژیمی ئیسلامییەوە بە بیانووی بازرگانی كردن بە مادە هۆشبەرەكان، راگەیندرا كە بڕیارە لەم رۆژانەدا 22 هاووڵاتی دیكە لە گرتووخانەی شاری ئەردەبیل لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتدا لە سێدارە بدرن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی پارێزگاری پارێزگای ئەردەبیل رۆژی پێنجشەممە لە سەر زاری سەرۆكی داواكاری گشتی ئەو پارێزگایە غولامعەلی رەزایی بڵاویكردووەتەوە كە بە بڕیاری دادگای باڵا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بڕیاری لە سێدارەدان بۆ 22 گیراوی نێو گرتووخانەی ئەردەبیل جێبەجێ دەكرێت.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە لە 4 رۆژی رابردوودا 9 كەس لە گرتووخانەی ئەردەبیل بە تاوانی بازرگانی كردن بە مادە هۆشبەرەكانەوە سێدارە دراون و بە گشتی لە سەرانسەری ئێراندا لە ماوەی 5 رۆژی رابردوودا 48 كەس لە سێدارە دراون.




