بەدەپە: ئێمە بە مەرج پشتگیری لە كاری ئامادە كردنی دەستوور دەكەین

ئەنقەرە- KDP.info/ دوای ئەوەی كە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك بە مەبەستی بەردەوامی كاری كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوری نوێی توركیا بە جیا لە گەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی نێو پەرلەمان كۆبوویەوە، پارتە سیاسییەكانیش هەر یەكەو بیروبۆچوونی خۆیانیان ئاشكرا كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی خەبەر بڵاویكردووەتەوە كە پەرلەمانتاری شاری ئەستەنبۆڵی بەدەپە سرری سۆرەیا ئۆندەر لە سەر ناوی بەدەپە رایگەیاندووە كە ئەوان بە مەرج پشتگیری لە بەردەوامی كار و چالاكییەكانی كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوری نوێی توركیا دەكەن.
ئۆندەر ئاماژەی بەوە كردووە كە تا ئێستە لە سەر 12 خاڵی سەرەكەی دەستوری نوێ هەر چوار پارتی سیاسی پێكهاتوونە و 60 تا 65 خاڵی دیكەیش ماون كە لە سەری رێككەون و ئەوان دەتوانن زۆر بە ئاسانی لە سەر ئەم خاڵانەیش رێككەون بەڵام بەمەرجێك كە حكوومەت پێویستە بۆ ئەو خاڵانەی كە ماون هەڵوێستی خۆی نیشان بدات و ئێمە لە هەڵوێستی خۆی ئاگادار بكاتەوە.




