وەزارەتی كارەبا هەواڵی پێدانی 24 كاتژمێر كارەبا بەهاووڵاتیان رەتدەكاتەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / لە رۆژانی رابردوودا هەواڵێك لەچەند دەزگایەكی راگەیاندنی كوردی بڵاوكرایەوە كە گوایا لە مانگی رەمەزان وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان 23 بۆ24 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكات بەڵام راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوبراو ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە.
كۆپیەكی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی كارەبا بۆkdp.infoنێردراوەو تیایدا هاتووە" دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی پێدانی 24 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان لە مانگی ڕەمەزاندا لەلایەن هەندێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە، بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوە بدەین.
دوای سەردانی یاسین شێخ ئەبوبەکر ماوەتی وەزیری کارەبا بۆ پارێزگای سلێمانی و ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەریەکە لە پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەرانی کارەبا لەو پارێزگایە، هاوکات کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەنجامدا، کە تێیدا تەنیا باس لە پێدانی کارەبا لە مانگی حوزەیران کرا کە وەزارەت توانی 23 کاتژمێر و 27 دەقیقە کارەبا بە هاوڵاتیان بدات، بەهیچ شێوەیەک باس لە پێدانی کارەبا بە 24 کاتژمێر بۆ مانگی ڕەمەزان نەکراوە، هەندێک لە ڕۆژنامەنوسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دوور لە داتا و زانیاریەکانی راگەیاندنی وەزارەت کە تەنیا باس لە پێدانی 23 کاتژمێر کارەبا کراوە، باسیان لە 24 کاتژمێر کارەبا کردووە کە ئەمە هەواڵێکی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بووە. وەزارەتمان بەپێی بەرنامەی دارێژراو بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەەبا پیادە دەکات، بەهۆی بارزۆری سەر محاویلە و فیدەرەکانی گەرەکەکان و روودانی گرفتی تەکنیکی لەیەکەکانی بەرهەمهێنان بۆ ماوەیەکی کورت و کاتی بەنامە تێک دەچێ و دەگەرێتەوە دۆخی خۆی . جارێکیتر وەزارەت دووپاتی تەواوی تواناکانی خۆی دەکاتەوە کە باشترین و زۆرترین خزمەتگوزاری کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بکات.




