سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له بالیۆزی كانادا له عێراقی فیدڕاڵ ده‌كات

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 11ـی 7ـی 2013 له سه‌ڵاحه‌دین به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له مارك گڤۆزدیكی باڵیۆزی كانادا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له دیدارێكدا سه‌ره‌تا باڵیۆزی كانادا كه به بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی له عێراق سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی كردبوو سوپاسی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی ئه‌و دیداره و ئاماژه‌شی به گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامی هه‌رێمی كوردستانی كرد و ڕایگه‌یاند كه مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه ئاڵۆزه‌ی له عێراقدا هه‌یه بوێری و حیكمه‌تی زۆری پێویسته.
باڵیۆزی كانادا ئاشكرای كرد كه وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه نووسینگه‌ی سیاسی له هه‌ولێر بكاته‌وه و پلانیشی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له پڕۆسه‌ی بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بكات، باڵیۆزی كانادا ده‌ستخۆشی له خه‌ڵك و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له یارمه‌تیدانی په‌نابه‌رانی سووریا و حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا په‌نایان بۆ هه‌رێمی كوردستان هێناوه.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆك بارزانی به‌خێرهاتنی بالیۆزی كانادا و شاندی یاوه‌ری كرد و سوپاسی گه‌لی كانادای كرد كه له ڕۆژه ناخۆشه‌كاندا به هانای گه‌لی كورد هاتووه و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیی كوردستان له‌و وڵاته ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، سه‌رۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆیشی ده‌ربڕی به كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی هه‌میشه‌یی كانادا له هه‌ولێر و ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی نیشاندا كه له بواره سیاسی و ئابووری و مرۆڤییه‌كاندا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵای كانادا گه‌شه پێ بدات.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆك بارزانی گه‌شه‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی وڵاتانی به‌سته‌وه به ڕه‌چاوكردنی پێوه‌ره‌كانی دیموكراسی و ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ، له‌باره‌ی په‌نابه‌رانی سووریاش سه‌رۆك بارزانی بالیۆزی كانادای ئاگادار كرده‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك پێویست ئاوڕی له په‌نابه‌رانی سووریا له هه‌رێمی كوردستان نه‌داوه‌ته‌وه.




