مومتەزەر توركونە: ئیسلامگەرایی لە توركیا مردووە

ئەستەنبۆل- KDP.info/ رۆشنبیر و نووسەر و مامۆستای زانكۆ مومتەزەر توركونە لە بەرنامەیەكی تایبەتی كاناڵی سی ئین ئینی توركیدا باسی رووداوەكانی میسر و توركیای كرد و رایگەیاند كە لە جیهاندا وردە وردە ئیسلامگەرایی بەرەو نەمان دەچێت.
مومتەزەر توركونە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئیسلامگەرایی لە جیهاندا رووەو نەمان دەچێت و لە توركیایش ئیسلامگەرایی مردووە و رۆلی ئاكەپەیش لە نەهێشتی ئیسلامگەرایی توندرەو لە توركیادا رۆلێكی یەكجار گرنگ و سەرەكە بووە.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئاكەپە هەر چەند سەرەتا بە ناوی ئیسلام و ئیسلامگەرییەوە دەستی بە كۆ كردنەوەی دەنگی خەڵكی كرد بەڵام دواتر توانی ئیسلام و ئیسلامگەرایی توركی لەگەڵ دیموكراسیدا تێكەڵ بكات و كۆمەڵگەی توركیا دەوڵەمەند بكات و دەوڵەمەند كردنی كۆمەڵگە و بەهێز كردنی دیموكراسی لە توركیا دوو فاكتەری سەرەكە بوونە بۆ لە ناوبردنی ئیسلامگەرایی.




