بایرام بۆزیەل: باشووری كوردستان زامنی ئاشتەوایی عێراقە

دیاربەكر-KDP.info/ جێگری سەرۆكی گشتی پارتی ماف و ئازادی (هاكپار) بایرام بۆزیەلسەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا رایگەیاند كە ئەو سەردانە سەردانێكی زۆر گرنگ و ئەرێنییە و دەتوانێت چارەنووسی عێراق بگۆرێت.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر لە سەر زانی بۆزیەل بڵاوی كردووتەوە كە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ نووری مالێكی نیشانەی ئەوەیە كە پێگەی كوردستان و سەرۆك بارزانی لە عێراق زۆر گرنگ و كاریگەرە و كوردستانیش زامنی ئاشتەوایی عێراقە.
بۆزیەل ئاماژەی بەوە كردووە كە بارودۆخی ئارام و باشی عێراق وای نەكرد كە مالێكی لە بەغدا پێشوازی لە سەرۆك بارزانی بكات بەڵكوو هەڵوێستی نەگۆڕی سەرۆك بارزانی لە سەر دیموكراسی و ئاشتەوایی وای كرد كە مالێكی نانچار بێت بێتەوە سەر رێ راست و بەمجۆرە باشووری كوردستان ئەوەی سەلماند كە زامنی سەرەكی ئاشتەوایی لە عێراقە.




