سەرۆكی پەرلەمانی توركیا دەستی بە دیپلوماسی دەستووری نوێ كرد

ئەنقەرە- KDP.info/ بە مەبەستی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا و چالاكتر كردنی كۆمیتەی ئامادەكردنی دەستووری نوێ، رۆژی سێ شەممە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك دەستی بە دیپلوماسی بۆ دەستوور كرد.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رۆژی سێ شەممە بە مەبەستی چالاكتر كردنی كۆمیتەی دەستووری نوێ سەرەتا لەگەڵ سەرۆكی پارتی رەگەزپەرەستی توركیا ( مەهەپە) دواتر لەگەڵ پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) و دواتریش لەگەڵ پارتی كۆماری گەل( جەهەپە)دا كۆ بووەتەوە.
لەم كۆبوونەوانەدا سەرۆكی پەرلەمانی توركیا داوای لە سەرۆكی ئەو پارتانە كردووە كە پشتگیری لە كار و چالاكییەكانی كۆمیتەی ئامادەكاری دەستوور بكەن و بە شێوەیەكی چالاك بەشداری كۆڕ و كۆبوونەوەكانی ئەم كۆمیتەیە ببن تا بتوانن لە كاتی دیاریكراودا دەستوورێكی نوێ بۆ توركیا ئامادە بكەن.
جێگەی ئاماژە پێكردنە كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لە خۆلی یەكەمی سەرۆكایەتییەكەی خۆیدا لە بەرامبەر كار و چالاكییەكانی كۆمیتەی ئامادە كردنی دەستووری توركیا بێ هیوا ببوو و ئەو كۆمیتیەیش لە كاتی دیاریكراودا نەیتوانی بوو كارەكانی خۆی بە كۆتا بكات بۆیە بەر لە كۆتایی هاتنی خۆلی یەكەمی سەرۆكایەتی پەرلەمان ماوەی كار كردنی كۆمیتەی ئامادەكار دەستوور درێژ كرایەوە و جەمیل چیچەكیش دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی خۆی دەستی بە هەوڵدان بۆ چالاك كردنی ئەم كۆمیتەیە كردووە.




