دەنگیر میر محەمەد فرات: توركیا پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە

ئەستەنبۆل- KDP.info/ جێگری پێشووی سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشە پێدان دەنگیر میر محەمەد فرات لە دێمانەیەكی تایبەتیدا لەگەڵ ئاژانسی BIAی توركیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و كێشەكانی بەردەم ئەم قۆناغە كردووە.
دەنگیر میرمەحمەد فرات كە بۆ خۆی كوردە ئاماژەی بەوە كردووە كە پرسی كورد یەكێكە لە پرسە هەرە گرنگ و ئاڵۆزەكانی توركیا و ئەگەر ئەم پرسە زوو چارەسەر نەكرێت ئەوا توركیا رووبەرووی قەیرانی گەورەتر دەكاتەوە و بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە پێویستی توركیا بە هەنگاوی خێرا و ئەرێنی هەیە.
میر مەحمەد فرات ئاماژەی بەوە كردووە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد زۆر بە باشی دەستی پێكرد بەڵام رووبەرووی چەندین كێشە بووەتەوە و ئەگەر حكوومەتی توركیایش دەیەوێ ئەم قۆناغە بە خێرایی بەردەوام بێت و زوو بگاتە ئەنجام ئەوا پێویستە حكوومەت ئاستەنگییەكانی بەردەم ئەم قۆناغە لە ناو ببات و تاقە رێگای لە ناو بردنی ئەم ئاستەنگییانەیش ساز دانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە توركیا.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت نەكرێت ئەوا ئەگەری سەرۆكەوتنی قۆناغی چارەسەری تۆزێك لاواز دەبێت.




