وەزیرێكی كوردی دەوڵەتی شاپوور بەختیار كۆچی دوایی كرد

ئەڵمانیا- KDP.info/ تاقە وەزیری دەوڵەتی شاپوور بەختیاری ئێران یەحیا موعتەمێد رۆژی سێ شەممە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی وڵاتی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی ئین ئین ئیس رۆژ بڵاوی كردەوە كە تاقە وەزیری كوردی حكوومەتی شاپوور بەختیار لە ئێران و ئەندامی كۆمیتەی ئاشتیی ئەو دەوڵەتە یەحیا موعتەمێد لە وڵاتی ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
یەحیا موعتەمێد سەرەڕای ئەوەی كە لە نێو كابینەكەی حكوومەتی شاپوور بەخیتاردا وەزیر بووە، هاوكات ئەندامی كۆمیتەی ئاشتی ئەو حكوومەتە بووە كە هەوڵی بۆ ئاشت كردنەوەی كورد لەگەڵ حكوومەتدا داوە و دواتریش تا سەردەمی رۆخانی رژیمی پاشایەتی ئێران ناوبراو سەر كونسولی ئێران بووە لە توركیا.
ناوبراو لە ساڵی 1300 هەتاوییدا لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە و كوڕی ئیسماعیل خانی موعتەمێد و نەوەی حاجی موعتەمێدی كوردستانی بووە.




