ئۆباما لەگەڵ میری قەتەر و جێنشینی ئیمارات قەیرانی میسری تاوتوێكرد

ئەمەریكا- KDP.info/ لە هەمبەر رەوشی ناوخۆی میسر، كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمەیكا لە دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان جێنشینی ئیمارات و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر بە وردی هەڕەشە و مەترسییەكانی تەشەنەكردن و پەرەسەندنی كارە تووندوتیژییەكانی ناوخۆی میسری تاوتوێ كردووە و لەو رووەوە ئۆباما تەئیكدی لەوە كردووەتەوە كەوا پێویستە هەمووان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میسردا درێژەی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن میسر لە تەشەنكردنی كاری تووندتیژی دروو بخەنەوە و هەنگاوی باشیش بۆ سازكردنی وتوێژی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە نێوان لایەنە سیاسیەكانی میسر بهاوێژن. لەلایەكی دیكەوە جین ساكی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: واشنتۆن وای دەبینێت كە ئەوەی ئێستا میسر هەنگاوی بۆ دەنێت كارێكی گەشبینە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی خێرا و ساكی پێكهێنانی سەرۆك و حكوومەتی كاتی میسر بە نموونە هێنایەوە و گوتی: پێكهێنانی ئیدارەی كاتی حكوومەتی میسر دوای دەست نیشان كردنی سەرۆكی كاتی میسر خۆی لە خۆیدا هەنگاویكی خێرایە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان بە پەلە لە میسر ئەنجام بدرێن و ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریكا خوازیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا رەوشی ناوخۆی میسر دابمركێتەوە و رەوشەكە بگەڕێتەوە دۆخی جاران.




