نوری بریمۆ: یادی ئیمزاكردنی رێكکەوتننامەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان

هەولێر-تایبەت بە / KDP.infoبەڵگەنامەی رۆژی 11/6/2012 هەولێری نێوان ئەنجوومەنی نیشتمای كوردی و ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان بە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی دادەنرێت لە بواری كاركردنی نیشتمانی كوردی هاوبەش لە سوریا كە بە دەستپێشخەری بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەزامەندی لایەنە كوردستانییەكانی دیكە هاتە كایەوەو لە ئاكامی ئەو بەڵگەنامەوە رێككەوتننامەی هەولێری رۆژی 10/7/2012 مۆركراو دەستەیەكی لێ هاتە كایەوە بە ناوی دەستەی كوردی باڵا. پاش ساڵێك لە مۆركردنی ئەو رێككەوتننامەیە نوری بریمۆ بەرپرسی راگەیاندن لە پارتی دیموكراتی كوردی (پارتی ) لە سوریا دووپاتی كردەوە كە ئەو دەستەیە لە ئاكامی كۆششی خێرخوازانەی هەموو لایەنەكانەوە هاتە دی بەمەبەستی رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردو دوورخستنەوەی مۆتەكەی ململانێ و براكوژی. روونیشی كردەوە كە گرنگی ئەو رێككەوتننامەیە لەوەدایە بە سەرپەرشتی و پەسەندكردنی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاتە كایەوەو ئەوان پێشبینی ئەوەیان دەكرد هەموو لایەنەكان پابەندی ببن بەڵام بە داخەوە هەر لە یەكەمین رۆژەوە پەیەدە تووشی خۆبەزل زانین هات و بەباشی زانی دەستەڵاتی خۆی بەسەر لایەنەكانی دیكەدا بسەپێنێت و هەڵیكوتایە سەر چەند گوندێكی كوردو ژمارەیەك لاو شەهید كران و هەموو رایەكی سەركوت كرد لەگەڵ رای ئەودا نەبوو، تەنانەت دەستی بە پشكنینی ئەندامانی دەستەی باڵا كوردی كرد كاتێك لە هەرێمی كوردستان گەڕانەوەو بەو شێوەیە رێككەوتننامەكەی پەكخست و رۆڵ و كاری ئەو دەستەیەیش پەكی كەوت. ئاماژەی بەوەیش كرد كە بە سەرپەرشتی بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیدارو دانیشتی نهێنی لە نێوان پارتی و پەیەدەدا هەیە بەمەبەستی تێوەنەگلان لە شەڕی براكوژی و درێژەدان بە دیالۆگ و دیدار بۆ ئەوەی بڕگەكانی ئەو رێككەوتننامەیە بێنە جێبەجێ كردن. لای خۆیەوە وەلید حاج عەبدولقادر نووسەرو چالاكوانی سیاسی كورد روونی كردەوە كە رێككەوتننامەی هەولێرو پێكهێنانی دەستەی باڵای كوردی دەنگدانەوەیەكی باشی لە شەقامی كوردیدا هەبوو، بەڵام پاش ماوەیەكی كورت نیازی هەندێك لایەن دەركەوت و ویستیان ئەو دستەیە دەستەمۆ بكەن و بیكەنە كارتێك هەر كاتێك بیانەوێت بەرزی بكەنەوە. ئاماژەی بە گرنگی گەڕانەوە بۆ ناوەرۆكی ئەو رێككەوتنامەیە و جێبەجێ كرنی بڕگەكانی كرد بە گیانێكی برایانە و هاوسانی تا بتوانرێت كاروانەكە بەرەو رێگەی دروستی خۆی بگێڕێتەوە.




