سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (الپارتی) كۆبوویەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 7ـی 2013 لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (الپارتی) كۆبوویەوە. لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی سووریا بە گشتی و ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر پێویستی پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا كرایەوە. لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێویستە لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان یەكڕیزیی خۆیان بپارێزن و ببنە خاوەنی ستراتیژی و وتارێكی هاوبەش و ڕوون بۆ ئەوەی گەلی كورد بتوانێ هەم داواكارییە ڕەواكانی خۆی سەر بخات و هەمیش ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە ببێتەوە كە لە كەشە پڕ قەیرانەكەی سووریادا دێتە ئاراوە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا دەبێ هەموو لایەك هەوڵ بدەن ڕێز لە بوون و ئیرادەی یەكتر بگرن و كاریش بۆ ئامانجێكی هاوبەش بكەن.




