لیبیا.. بڕیاردرا سەرجەم گروپە چەكدارەكان هەڵبوەشێنرێنەوە

لیبیا-KDP.info/ عەلی زەیدان سەرۆك وەزیرانی كاتی لیبیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە حكوومەت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو گروپە چەكدارەكانی داوە لەو وڵاتەدا؛ ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران دوای ئەوە هات كە ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی لیبیا بەهۆی هێرش و هەرەشەی چەكداران خۆپیشاندانیان سازكردبوو. هەروەها عەلی زەیدان روونیشی كردەوە كە بڕیاری نەهێشتی دیاردەی چەكداری لە تەرابلوسی پایتەخت بەسەر هەر هەموو ئەو میلیشیا چەكدارانەدا جێبەجێ دەكرێت كە لە پایتەخت هەن چ سەر بە شارەكە بن یان لە دەرەوەی شارەكە هاتبن. روونیشی كردەوە كە تەنیا سەربازو پۆلیسی حكوومەت دەتوانن چەك هەڵبگرن. ئاماژەی بەوەیش دا كە لە ئاییندەی لیبیادا نابێت كەس چەك هەڵبگرێت تەنیا سەربازانی سوپا و پۆلیس نەبێت. روونیشی كردەوە كە هەر یەك لە بریتانیا و ئیتالیا و ئەمەریكا مەشق بە نۆزدە هەزارو پێنج سەد سەرباز و پۆلیسی لیبی دەكەن وێڕای هەزارو پێنج سەد كۆماندۆز.




