سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی 7ـی 2013 لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستێفان بیركڕۆفت بالیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی هاوڕێی كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا بالیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدارە نیشاندا و پشتگیریی وڵاتەكەشی ڕاگەیاند بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی بەڕێزیان لەگەڵ مالیكی و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی عێراقی و بە دەستپێكێكی زۆر گونجاوی زانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها سەرجەم ئەو گرفتانەی لەنێو پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە. لەو دیدارەدا بالیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەوەشی نەشاردەوە كە كێشە و قەیرانەكانی عێراق زۆر قورسن و بە ئاسانی چارە ناكرێن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەنگاوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر ئیجابیە و كاتیش لەبارە بۆ ئەوەی قسە لەسەر هەندێ كێشە بكرێن كە ڕیشەیین و سەرچاوەی قەیرانە سیاسییەكانن.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی هاندان و پشتگیریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای كرد و سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ بەغدا سەرۆك بارزانی باسی ئەوەی كرد كە خەڵك چاوەڕوانییەكی زۆری هەیە كە سەردان و دانیشتنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا ئەنجامی لێ بكەوێتەوە و ئەگەر بێتوو وەك پێشتر هەوڵەكان بێئەنجام بێت و كێشەكان وەك خۆی بمێننەوە ئومێدیش بۆ چارەسەریی گرفتەكان كەم دەبێتەوە. سەرۆك بارزانی سەردانی ئەم دوایەی خۆی و شاندی سیاسی و حكوومیی هەرێم بۆ بەغدا وەك دەرفەتێك زانی بۆ نەهێشتنی كێشەكان و ئەوەشی خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆكان و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ تاوتوێكردنی كێشەكان ڕێككەوتوون.
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و قەیرانی سووریا و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باسەوە و بالیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەپێدان بەو ژمارە زۆرەی پەنابەری سووریا كە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە هەوڵەكانی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ حەواندنەوە و یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا.




