ئەندامێکی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا:سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا سیاسەتێکی حەکیمانەیە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ شوان قەلادزەیی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە kdp.infoراگەیاند: ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی لە گەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بووین بۆ بەغدا، کە ئەمە یەکێکە لە کارە ھەرە باشەکان و سیاسیەتێکی حەکیمانەیە، چونکە ھەرێم بەشێک بووە لە بونیاتنانی عێراقی نوێ و ناکرێ پەیوەندیمان لە گەڵیان بپچرێنین، بۆیە ئێمە ئەم سەردانانە بە ئیجابی ھەڵدەسەنگێنین، چونکە ھەوڵێکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
شوان قەلادزەیی گوتیشی: لێکتیگەیشتنێکی باش ھەیە لە نێوان ھەرێم و بەغدا و ئومێدێک ھەیە نەک تەنھا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەموو کوتلەسیاسییەکان.
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کە یاوەری شاندەکەی ھەرێم بۆ بەغدا بوو راشیگەیاند: ئیرادەیەکی بەھێز ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و داواش لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرا رۆڵی ھەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
قەلادزەیی رونیشیکردەوە، پێشوازییەکی زۆر گەرم لە ئێمە کراو داواکرا سەردانی ھەموو پارێزگاکان بکەین، نەک تەنھا بەغدا و لەسەر داوی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خوانێک ئامادەکرا و ھەموو لایەنەکان کۆبوونەوە کەماوەیەک لێک دورکەوتنەوە لە نێوانیان ھەبوو کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا کارێکی زۆر باشە.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا ئەندامی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا گوتی: پێشتر رێککەوتن کراوە وبڕیار درا ئەو شەش لیژنەی پێکھاتووە کارا بکرێن و لەماوەی ھەفتەیەکدا شوێنەواری ئەو لیژنانە دەربکەوێ کە کاریان کردووە، لە بارەی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.




