قەرەقووڵێكی بیست ساڵە بوو بە شوێنی سەوزە فرۆشتن

سێرت- KDP.info / لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و كێشانەوەی هێزە چەكدارەكانی پەكەكە لە نێو سنوورەكانی توركیادا، سوپای توركیایش دەستی بە چۆڵ كردنی قەرەقووڵەكانی خۆی لە ناوچە كوردییەكاندا كردووە.
ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی رابردوو سوپای توركیا قەرەقووڵێكی خۆی لە سەر رێگای نێوان ناوچەكانی بایكان و كۆرتاڵان لە دەڤەری سێرتی چۆڵ كردووە و دانیشتوانی ناوچەكەیش دەستەوجێ ئەو شوێنەیان كردووەتە شوێنی فرۆشتنی سەوزەوات.
سەرچاەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو قەرەقووڵە لە ماوەی 20ی ساڵی رابردوودا لە لایەن سوپای توركیاوە بەكار هێنراوە و بەڵام ئەمرۆ هیچ سوودێكی دیكەی ئەم قەرەقووڵە نەماوە بۆیە سوپا ئەو قەرەقووڵەی چۆڵ كردووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە رۆژی هەینی رابردوویش لە ناوچەی وان و مووشیشدا سوپای توركیا و هێزەكانی ژاندارمە چەندین قەرەقووڵی خۆیانیان چۆڵ كردبوو.




